هانا: رۆژی سێشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١٥ی ژوئەنی ٢٠٢١)، لە تێکهەڵچونێکی چەکدارانەی سپای پاسداراندا لەگەڵ گورپێکی نەناسراو لە ناوچەی سەوڵاوا ٩ ئەندامی سپای پاسداران بریندار بوون.
ئەم تێکهەڵچوونە لە بەرزاییەکانی نێوان ئاواییەکانی "پایگەلان"، "دزەوەن" و "سوورەتوو" روویداوە و هاوکات تۆپخانەی سپای پاسداران لە "سوورەتوو" دەستی کردووە بە تۆپبارانی بەرزاییەکانی ناوچەکە و زەویوزار و کشتوکاڵ و لەوەرگەکان بە هۆی تۆپبارانەکەوە ئاگریان گرتووە و زەرەر و زیانی زۆریان پێ گەیشتووە. شایانی باسە خەڵک ویستوویانە هەوڵ بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان بدەن بەڵام سپای پاسداران بەری پێ گرتوون و ناوەندە دەوڵەتەییەکانیش هیچ هەوڵێکیان بۆ کوژاندەوەی ئاگرەکان نەداوە.
هەروەها شەوی چوارشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١٦ی ژوئەنی ٢٠٢١)، تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لە نێوان سپای پاسداران و گوروپێکی نەناسراو لە ناوچەی "مەرگەوەڕ"ی ورمێ هاتووەتە ئاراوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەو تێکهەڵچوونە کاتژمیرێکی خایاندووە. هەروەها هیچکام لە حزبە کوردییەکان بەرپرسایەتی ئەم تێکهەڵچوونەیان وەئەستۆ نەگرتووە.
شایانی باسە هێزەکانی سپای پاسداران دوای ئەم تێکهەڵچوونە، دەستیان کردووە بە تۆپبارانی ناوچەکە و ئەم تۆپبارانە تا بەیانی رۆژی ٢٧ی جۆزەردانی خایاندووە.