هانا: بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاوبوونەوە ئەندامێکی رێبەرایەتی حزبی دموکراتی کوردستان بە ناوی “مووسا باباخانی” بە شێوازێکی گوماناوی گیانی لەدەستداوە.
سەرچاوەکانی هەواڵی باس لەوە دەکەن، مووسا باباخانی دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە (٥ی ئاگۆستی٢٠٢١) لە لایەن دوو کەسی نەناسراو ڕفێندراوە و دوای دوو ڕۆژ لە ڕێکەوتی (٧ی ئاگۆستی٢٠٢١) لەناو یەکێک لە هۆتێلەکانی هەولێر بەناوی هۆتێلی گوڵی سلێمانی تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.
دژەترۆری هەرێمی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند؛ لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی ترۆری مووسا باباخانی و دۆزینەوەی تەرمەکەی لە شوێنی باسکراو، توێژینەوە لەبارەی شێوازی گیانلەدەستدانی ناوبراو تا ئێستاش درێژەی هەیە و لە کۆتاییدا بۆ رای ڕادەگەیێندرێت.
هەروەها چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕۆژنامەنووسێکی کوردی باشوور بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک پلانێکی کۆماری ئیسلامی بۆ ترۆری ٥٠کەس لە ڕۆژنامەنووس و چالاکانی سیاسی کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن و دانیشتووی باشووری کوردستانن لە قاودا.
بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ناوبراو لەگەڵ چالاکێکی سیاسی کە خەڵکی کرماشانە ساڵی پێشوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەڕەشەی ترۆریان لێکراوە و پێشتر بە ناوبراوان ڕاگەیێندراوە.