هانا: رۆژی پێنجشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١٠ی ژوئەنی ٢٠٢١)، کرێکارێکی کورد لە تاران بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانی لەدەستدا.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "دانا عەبدی" خەڵکی ئاوایی "شۆیشە" لە ناوچەی کەڵاتەرزانی سنە راگەیەندراوە.
بەپێی ئەم راپۆرتانەی گەیشتوون، ٢٠ رۆژ پێشتر ئەم کرێکارە لە کاتی کار کردندا لە تاران لە بینایەکی چوار نهۆمەوە بەربۆتەوە خوار و رۆژی پێنجشەممە ٢٠ی جۆزەران پاش ٢٠ رۆژ بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ، گیانی لەدەستدا.
بێکاری و هەژاری بارودۆخێکی خوڵقاندووە خەڵکی کوردستان بە شوێن کاردا بەرەو شارە گەورەکانی ئێران کۆچ بکەن ولەوێش سەرەڕای نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کار، کرێکاران ناچارن بە هەقدەستێکی کەمەوە شان وەبەر کاری سەخت و تاقەت پڕووکێن بدەن. ئاکامی ئەم کارە سەخت و دژوارانە و هەروەها نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کار، دەبێتە هۆی خوڵقانی رووداوی دڵتەزێنی لەم چەشنە.