بە پێی ڕاپۆرتی هاوکارانی هانا : ڕۆژی یەکشەممە “١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٣” هێزەکانی پاسەوانی سنووری هەنگەژاڵ بە بیانوویی هێنانی خواردن کاسبکارێکی کوردیان بۆ بنکەکەیان بانگ کردووە و پاش وەرگرتنی ١٥ بەشە خواردن بە بڕیاری فەرماندەی هەمان بنکە لە پشتەوە تەقەیان لەم کاسبکارە کردووە .
ئەم کاسبکارە لە ئێستادا دۆخی تەندروستی خراپە و لە یەکێک نەخۆشخانەکانی شاری سنەیە .
ناسنامەی ئەم کاسبکارە بۆ هانا "رێبوار رەشیدی" خێزاندار ، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی ئاوایی "کێلە"ی بانە پشتڕاست کراوەتەوە .
ڕاپۆرتەکانی هاوکارانی هانا لە بانە باس لەوە دەکەن کە پێشتریش لە لایەن هێزەکانی بنکەکانی پاسەوانی سنوورەوە ئەم جۆرە کارانە ئەنجام دراوە بۆ ڕاکێشانی کاسبکارانی کورد بۆ نێو بنکەکانیان و ئەمە یەکەمجار نیە .