بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی ئاماری ئێران ، پارێزگا کوردەکان ، لە پلەی یەکەم تا سێهەمی رادەی بێکاری لە سەر ئاستی ئێراندان.
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی ئێسلامی ئێران زۆرترین ڕێژەی بێکاری لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە سەر ئاستی پارەرێزگاکانی ئێران لە پارێزگای "سنە"یە و رێژەکەی ٨/١٨ لە سەدە و پلەی دووهەم و سێهەم بە ڕیز پارێزگاکانی "کرماشان" و "ورمێ"ن .
دۆخی نالەبار و داڕماوی ئابووری لە پارێزگاکانی کوردستان ئاکامی سیاسەتی سەقەتی ئابووری حکومەتی ئێران و ڕچاوکردن و دانانی جیاوازی و هەڵاواردن بەرامبەر بە خەڵکی کورد و کوردستانە.
جێی ئاماژەیە ئەم حکومەتە، تەنانەت سەرەتاییترین ماڤەکانی مرۆڤ بەپێی جاڕنامەی جیهانی ماڤەکانی مرۆڤی پێشل کردووە،
چونکوو بە گوێرەی ئەم جاڕنامەیە، هەموو کەسێک ماڤی ئەوەی هەیە کە لە ئاستی ژیانێکی شیاو بۆ دابینکردنی تەندرووستی و ئاسوودەیی خۆی و بنەماڵەکەی، بەتایبەتی لە بواری خواردن، جلوبەرگ، ماڵ، چاوەدێری پزیشکی و خزمەتگوزارییەگشتیەکان بەهرەمەند بێت.
هەروەها، ماڤی ئەوەی هەیە لە کاتی بێکاری، نەخۆشی، کەمئەندامی، پیری یان لەبەر ئەوەی بە هەر هۆکارێک ئیرادە و توانایی خۆی بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی نەبێت، لە خزمەتگوزارییەگشتییەکان بەهرەمەند بێت .
بەڵام لە پارێزگاکانی کوردستان بەشی خەڵکی کورد برتین لە بەرزترین ئاماری سێدارە، خۆکوشتن، بێکاری و هەژاری و باقی دیاردە و گیروگرفتەکانی وەکوو کۆڵبەری تەقینەوەی مین و کێشە کۆمەڵایەتییەکان و هەڵاواردنی ئابووری و وێران کردنی ژینگە و گەلێک کێشەی تر کە بەڕاستی لەم بوارانەدا بە پێی ئامارەکانی حکومەت، کورد پشکی شێری بەرکەوتووە.
کوردستان لە ئەمڕۆدا لە ژێر سێبەری هەژاری و هەڵاواردنی سیستماتیکدا بووەتە هەرێمی ئەو کەسانەی کە هێز وزە و توانایی کاری خۆیان لە نائەمنترین ئاستی شوێنی کاردا بەرامبەر بە کەمترین هەقدەست دەفرۆشن.
وەزارەتەکان دامودەزگا دەوڵەتییەکان و سەندیکا زەردەکانیش کە زۆر باش ئاگاداری ڕەوتی هەژارکردنی کوردستانن، بێدەنگییان هەڵبژاردووە چۆنکە خۆیان بەشێکن لەم سیستمە.