هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی مافی مرۆڤی هانا، باری تەندروستی “مەسعود حاجی زادە” بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ورمێ زۆر ناجێگیر و زۆر خراپە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، ناوبراو نابەنە نەخۆشخانە و بەرپرسانی بەندیخانە بەو مەرجە دەیبەنە نەخۆشخانە کە بەڵگەیەک بە بڕی ٤ میلیارد تمەنیان بۆ ئامادە بکات.
مەسعود حاجی زادە تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "ئینگیجە" لە ناوچەی ورمێیە. نابراو بە تۆمەتی چالاکی سیاسی ٧ ساڵ و ٦ مانگی زیندان بۆ بڕاوەتەوە.
بەگوێرەی زانیاری هانا، رێکەوتی ١٢ی جۆزەردانی ئەمساڵ دوایین نەشتەگەری بۆ مەسعود حاجی زادە کراوە و ناوبراو پێویستی هەنووکەیی بە خزمەتگوزاری پزیشکی پاش نەشتەرگەرییەکەی هەیە.
بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە حکومەتی ئێرانیش واژۆی کردووە و هەروەها بەپێی هەموو پێوەر و بەها ئینسانییەکانی باوی جیهان، حکومەت و دامودەزگای داد و قەزایی بەرپرسن لە ئاست گیانی بەندکراوان لە بەندیخانەکان و دەبێ لە هەموو مافێکی ئینسانی و لەوانە مافی خزمەتگوزاری پزیشکی بەهرەمەند بن.
