هانا: بەپێی راپۆرتێک کە بۆ هانا هاتووە، چالاکێکی مەدەنی بە ناوی “بێهنام مووساوەند” تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی مهاباد و نێشتەجێی تاران، بە هۆی ئەوەی بەرپرسانی بەندیخانەی رەجایی شاری کەرەج رێگرن بۆ خزمەتگوزاری پزیشکی، دۆخی تەندروستی نالەبار و ناجێگیر راگەیندراوە.
بەپێی راپۆرتی هاوکارانی هانا: ناوبراو بە هۆی گرفتی ریخۆڵە و هەرسک و میزەڵان لە بارودۆخێکی ناجێگردایە. ئەم شارۆمەندە کوردە خەڵکی مهابادە و سزای ٥ ساڵی بەندکرانی بۆ بڕاوەتەوە. بێهنام مووساوەند رێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ساڵی رابردوو بۆ جێبەجێ کردنی سزاکەی دەستبەسەر کراوە. ئێستاش جگە لەو نەخۆشینانەی سەرەوە جومگەی لاقەکانیشی ئێش و ئازاریان هەیە و بە گشتی هەموو ئەم نەخۆشی و ئازارانە دۆخی تەندروستی ئەم شارۆمەندەیان ناجێگر کردووە.
ناوبراو ساڵی رابردوو دوای ئەوەی خۆی بە بەشی بەڕێوەبەرایەتی سزاکان لە دادسەرای بەندیخانەی "ئێڤین"ی تاران ناساند، بۆ جێبەجێ کردنی سزاکەی هەر لەو بەندیخانەیە دەستبەسەر کرابوو. دواتریش پاش ئەشکەنجە و ئازار لەلایەن مەئموورانی بەندیخانەوە، وێڕای کۆمەڵێک لە چالاکی سیاسی و مەدەنی بەندکراو لە بەندیخانەی "ئیڤین"، مانگی خرمانانی ١٣٩٩ رەوانەی بەندیخانەی رەجایی شار لە کەرەج کرابوون.
شایانی باسە، بێهنام مووساوەند زیاتر لە سێ مانگە لەم بارودۆخە نالەبارەی تەندروستیدایە و بەرپرسانی بەندیخانەش هیچ هەوڵێکیان بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری پزیشکی یا دانی مەرەخەسی پزیشکی بەم شارۆمەندە نەداوە.
