رۆژی چوارشەممە ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٠ – (٨ی دیسەمبری ٢٠٢١)، رێکخراوی لاوان بۆ مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی بەبۆنەی ١٠ی دیسەمبر رۆژی جیهانی مافی مرۆڤ و هەروەها بە بۆنەی بیستەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی ئەو رێکخراوەیەوە، کۆنفرانسێکی بە شێوەی ئانلاین بەڕێوەبرد.
لەم کۆنفڕانسەدا خاتوو مێری شاتل وۆرس بەرپرسی رێکخراوی لاوان بۆ مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی، دوکتور بێرتراند جی رامچاران کومیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٤ و ژمارەیەک سیمای ناسراوی نێونەتەوەیی و چالاک لە بواری مافەکانی مرۆڤدا ئامادە بوون و لە پانێلدا بەشدارییان کرد. هەروەها لەلایەن بەشداربووانەوە قسەوباس لە سەر گرفتەکان و رێگاچارەکانی پێوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ هاتە ئاراوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە فەرمی بۆ ئەم کۆنفرانسە بانگهێشت کرابوو و نوێنەر رێکخراوی هانا لەم کۆنفرانسەدا بەشداری کرد و لە پەیامێکدا وێڕای رێز و سپاس لە بەڕێوەبەرانی ئەم کۆنفڕانسە و بانگهێشتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، پیرۆزبایی بیستەمین ساڵرۆژی دامەزرانی رێکخراوی لاوانی بۆ مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی و رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێ راگەیاندن و هەروەها چەند خاڵێکی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران لەلایەن حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە باس کرد.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٠
٨ی دیسەمبری ٢٠٢١