لە رۆژەکانی پێنجشەممە و هەیەنی ١١ و ١٢ی سەرماوەز – (٢ و ٣ی دیسەمبری ٢٠٢١)، چواردەیەمین کۆبوونەوە سەبارەت بە کێشەی کەمایەتییە نەتەوەییەکان لە بنکەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ و هەروەها بە شێوەی ئانلاین و لە رێگەی زوومەوە بەڕێوەچوو. لەم کۆبوونەوەیەدا رێکخراوی مافی مرۆڤ هانا و کۆمەڵێکی زۆر لە نوێنەرانی رێکخراوە و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و مافی کەمینەکان لە سەراسەری جیهان بەشدارییان کرد.
بابەتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئەمساڵ لە سەر "بەرگرتن بە تێکهەڵچوون و پشتیوانی لە مافی مرۆڤی کەمایەتییەکان" بوو. ئەم ئەنجومەنە لەسەر چوار بابەت قسە و باسی کرد:
١. هۆکاری بنچینەیی تێکهەڵچوونەکان لەم سەردەمەدا کە کەمایەتییەکان رووبەڕووی دەبنەوە.
٢. چوارچێوەگەلی یاسایی و بنچینەیی: مافی مرۆڤی کەمینەکان و پێش گرتن بە تێکهەڵچوونەکان.
٣. چڕ بوونەوە لەسەر مافەکانی کەمایەتییەکان و بەرگرتن بە شەڕەکان بە شێوەیەکی کاریگەر.
٤. بەرەو سەقامگیر کردنی ئاشتی: داهێنانی ئەرێنی و کارامە بۆ پاراستنی باشتر لە مافەکانی کەمایەتییەکان بە مەبەستی بەرگرتن بە شەر و تێکهەڵچوونەکان.
چواردەیەمین دانیشتنی ئەم ئەنجومەنە لەلایەن نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری کەمایەتییەکان، دوکتور فەڕناند دۆ وارنس بە فەرمی کرایەوە و سەرۆکایەتییەکەی بە ئەستۆی دوکتور ڤیکتۆڕیا دوندا لە وڵاتی ئارژانتین بوو.
لە ماوەی دوو رۆژ دانیشتن و کاری ئەم ئەنجومەنە، جگە لە نوێنەری ئەو وڵاتانەی کە تێکەڵاوی کێشەی کەمایەتییەکانن، نوێنەری کەمایەتییە نەتەوەیی و ئیتنیکییەکان لە وڵاتانی ئاسیا، ئافریقا، ئەمریکای لاتین و رۆژهەڵاتی ناوەڕآست بەشدارییان کرد و کێشەی پێوەندیدار بە کەمایەتییە ئیتنیکی و نەتەوەییەکانی وڵاتی خۆیان و رێگا چارەی پێشنیارکراوی خۆیان پێشکەش کرد و لە پانیلەکاندا بەشدارییان کرد.
شایانی باسە چەند نوێنەر لە کەمایەتییە نەتەوەییەکانی ئێران لەم کۆبوونەوە و دانیشتنەدا بەشدارییان کرد بۆ وێنە، کوردەکان، بلووچەکان، ئازەرییەکان، عەڕەبەکان و تورکەمەنەکان.
هەروەها نوێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤی "هانا"ش لەم کۆبوونەوەیدا بەشداری کرد.
چواردەیەمین کۆبوونەوەی گشتی سەبارەت بە کێشەی کەمایەتییە ئیتنیکییەکان دوای دوو رۆژ کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٠
٤ی دیسەمبری ٢٠٢١
