بۆ جاری دووهەم شارومەندێکی کورد بە تۆمەتی حەولدان بە مەبەستی هەڵگیرساندنی شۆڕشی چەکدارانە لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سزای لەسێدارەدان مەحکومکرا.
بەپێی هەواڵێک کە بە تۆڕی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران گەیشتووە، شارومەندێکی کورد بە ناوی "حسێن کەمانگەر" خەڵکی شاری کامیاران بۆ جاری دووهەم لەلایەن دادستانەوە بە سزای لەسێدارەدان مەحکومکرا.
رۆژی ٢شەممە رێکەوتی ٢٧ی رێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٥ی فێورییەی ٢٠٢١ی زایینی دووهەمین کۆبوونەوەی دادگایی "حسێن کەمانگەر" لە لقی یەکەمی دادگای شاری سنە بەڕێوەچوو. لەم دادگایەدا دادستانی شاری سنە لەژێر گوشار و خواستی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە بۆ جارێکی دیکە خوازیاری لە سێدارەدانی ئەم شارومەندە کوردە بووە.
شایانی باسە "حسێن کەمانگەر" بە تۆمەتی "بەغی" واتە هەڵگیرساندنی شۆڕشی چەکدارانە لە دژی حکومەتی کۆماری ئیسلای ئێران راگەیاندراوە.
پێویست بە ئاماژە کردنە کە ناوبراو پێشتریش لە یەکەمین دادگای خۆیدا لە شاری کامیاران بە سەرۆکایەتی دادوەر "جەعفەری" بە سزای لەسێدارەدان مەحکوم کرابوو.
جێگای ئاماژەیە "حسێن کەمانگەر" لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی و بەدوای ئەوەیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی شاری کامیاران هێرش دەکڕێتە سەر ماڵەکەی، بەبێ لەبەردەستدابوونی هێچجۆرە بەڵگەنامەیەک لەلایەن دادگاوە، ناوبراویان بەدوای لێدان و کوتان قۆڵبەست و راپێچی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ناسراو بە "ناوەندی هەواڵنێری ئیتلاعات" کردبوو.