هانا: بەپێی راپۆرتێک کە گەیشتووە، لە رۆژانی رابردوودا چەند کەسی نابەرپرس و بێ بەزەیی لە بەنداوی “خوراسانە” لە ناوچەی بۆکان پۆلێک رەقەی ئەو بەنداوەیان سەربڕیوە و کوشتووە.
رۆژی هەینی ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١٨ی ژوئەنی ٢٠٢١)، کۆمەڵێک لە گەشتیاران کە بۆ سەیران دەچنە بەنداوی "خوراسانە" بۆیان دەردەکەوێ پۆلێک رەقە لەوێ کەوتوون و کوژراون.
بەپێی راپۆرتەکە کەسانێکی نەناسراو بۆ ماسی گرتن چوونە بەنداوی "خوراسانە" و کاتێک ئەم رەقانە بە تۆڕ و قولاپەکەیانەوە بوون، لەباتی ئەوەی لە ئاوەکەیان بخەنەوە، بۆ ئەوەی جارێکی تر تووشیان نەیەنەوە سەریان بڕیون و کوشتوویانن و بەم جۆرە ئەم جینایەتەیان لە دژی ژینگە و بوونەوەرانی ئەوێ ئەنجام داوە.
رەقەی ئاوی بوونەوەرێکە زەڕی بۆ مرۆڤ و بوونەوەرەکانی تر نییە و لە ئاوەکاندا دەژی. جێگای ئاماژەیە زۆربەی بوونەوەران لەو ناوچەیە بە هۆی راو کردن، یا بە بەراو کردنی دێمەکارەکان و شێوانی هێلانە و شوێنی ژیانیان بەرەوە لە ناوچوون دەچن و خەرێکە تۆویان دەبڕێتەوە. یەک لەوانە باڵندەی چێرگە کە یەکێک لە جوانییەکانی سروشت و ژینگەی ناوچەی بۆکان بوو بەڵام سەرەڕای مەترسی لەناوچوونی، تەنانەت لەلایەن بەرپرسانیشەوە راو دەکرێ و ئێستا گۆیا چەند دانە چێرگ ماون.
شایانی باسە ژینگەی کوردستان بە خێرایی بەرەوە لەناوچوون دەچێ و ناوەندە پێوەندیدارەکانیش بێدەنگییان لێ راکردووە. حکومەت تاڵانی دەکا و دارستانەکان دەبڕێ یا ئاگریان دەدا و بەشێکیش لە شارۆمەندان نابەرپرسانە خەریکی وێران کردنی وڵاتەکەی خۆیانن.