هانا: “سمکۆ مەعڕووفی” چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی بۆکان بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی حکومەتی ئیسلامی ئێران ساڵێک زیندانی تەعزیری و ٢ ساڵ قەدەغەی هاتوچۆ بۆ دەرەوەی وڵاتی بەسەردا سەپا.
ئەم بڕیارە رێکەوتی ٣٠ خاکەلێوەی ١٤٠٠ لەلایەن لقی ١٠٤ی دادگای بۆکانەوە بۆ سمکۆ مەعڕووفی دەرکراوە و رێکەوتی ٧ی گوڵانی ١٤٠٠ پێی راگەیەندراوە.
سمکۆ مەعڕووفی تەمەنی ٣٧ ساڵە و ئەندامی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی "وڵات" لە بۆکانە.
ناوبراو لە مانگی رەزبەری ساڵی ١٣٩٨یشدا بە هۆی بەشداری لە رێپێوانێک بۆ مەحکووم کردنی هێرشی حکومەتی تورکیە بۆ کوردستانی رۆژئاوا دەسبەسەر و ٢ ساڵ بەندکردنی بۆ بڕابۆوە و هەروەها لە ١٧ی بەفرانباری ١٣٩٩دا دیسان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەسبەسەر و دوای ٢٥ رۆژ بە دانانی بارمتە ١٠٠ میلیۆن تمەن بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
جێگای ئاماژەیە بەندەکانی ٣، ٩، ١٩ و ٢٠ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لەمبارەوە ئاوا دەڵی:
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ.
هەروەها بە پێی ئەم جاڕنامەیە هەر تۆمەت لێدراو یا تاوان لێدراوێک مافی هەبوونی پارێزەر و مافی دەستڕاگەیشتن بە دادگایەکی بێ لایەن و دادپەروەری هەیە.
لەم کەیسەدا بە ئاشکرا دەردەکەوی حکومەتی ئیسلامی ئێران و دامودەزگا ئەمنییەتی و قەزاییەکانی هەموو ئەم بەندانەی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی پێشێل کردووە. ئەوە لە حاڵێکدایە وڵاتی ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەم جاڕنامەیەی واژۆ کردووە.