بۆکان: راپۆرتێک لە سەر مەرگی گوماناوی “شۆڕش خزرزادە” بەندکراوی سیاسی 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا دوای ئاگادار بوون لە گیانبەختکردنی بەندکراوێکی سیاسی لە بەندیخانەی بۆکان و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی خۆی لەم بارەوە، زانیاری نوێی کەوتووەتە بەردەست کە بەم جۆرەی خوارەوەیە. ئەمە دوویەمین راپۆرتی هانایە لە سەر مەرگی گوماناوی ئەم شارۆمەندە کوردە. 

هاوکارانی هانا لە بۆکانەوە بە ناردنی راپۆرتێک لە رووداوی دڵتەزێنی مەرگی بەندکراوێکی سیاسی لە رۆژی سێشەممە ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٠ – (١٧ی ئاگۆستی ٢٠٢١) لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان بە ناوی "شۆڕش خزرزادە" کوڕی "حەلیمە" و "محێدین" خەڵکی بۆکان ئاگاداریان کردین. 

لەم راپۆرتەدا هاتووە، "شۆڕش خزرزادە" ماوەیەک لەوەپێش لە کوردستانی عێڕاق وەک کرێکار کاری کردووە و لە پەیجی ئینستاگرامی خۆی بەرگری لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کردووە و لایەنگری ئەم حزبە بووە. بەڵام دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستانی ئیران بە  تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حزبەکانی کوردستانی ئێران دەستبەسەر کراوە و کەوتووەتە ژێر لێکۆڵینەوە. ناوبراو دوای لێکۆڵینەوەکان رەوانەی بەندی گشتی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کراوە. هەروەها هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکرانی بارودۆخی ناجێگیری تەندروستی خۆی بە بەرپرسانی بەندیخانەی بۆکان رادەگەیەنێ، بەڵام بەرپرسانی زیندان بۆ ماوەی دوو رۆژی هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەکی پزیشکی ناخەنە ئیختیاری و بە نەخۆشینەکەی راناگەن. لە ئاکامدا دوای دوو رۆژ شۆڕش خزرزادە رێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژ – ١٧ی ئاگۆستی، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستداوە و تەرمی بێ گیانی ئەم شارۆمەندە کوردە بە ئامبوڵانس بۆ نەخۆشخانە دەگوێزرێتەوە. 

لەگەڵ ئەوەیدا "حەراستی" بەندیخانە رایگەیاندووە مەرگی شۆڕش خزرزادە گوماناوییە، بەڵام بەشێک لە بەرپرسانی بەندیخانە بە بنەماڵەی ناوبراویان راگەیاندووە، مەرگی "شۆڕش" بە هۆی نەخۆشینی گواتری ژەهراوییەوە بووە و هاوکاتیش لەگەڵ داواکارییەکەی شۆڕش بۆ نەخۆشخانەمان گوازتۆتەوە و دەستی بە خزمەتگوزاری پزیشکی راگەیوە. 
ئەمە لە حاڵێکدایە بە پێی راپۆرتەکانی هانا، دوو رۆژ دوای دواکاریی بەردەوام، "شۆڕش خزرزادە" گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە. 

شایانی باسە، لە راگەیاندن و ئاگادار کردنەوە سەرەخۆشییەکەیدا کە بڵاوکراوەتەوە نووسراوە، ناوبراو رۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٠ گیانی لەدەستداوە. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە ئەم شارۆمەندە کوردە رێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژ بەرامبەر بە ١٧ی ئاگۆستی ٢٠٢١ گیانی لەدەستداوە. شیمانەی ئەوە دەکرێ ئەم کارە بە گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان ئەنجام دراوە و رێکەوتی گیانلەدەستدانیان گۆڕیوە. هەروەها تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە تەرمی ئەم شارۆمەندە کوردە هێشتا هەر لە پزیشکی قانوونی بۆکانە. 

RELATED ARTICLES

Most Popular