هانا: هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە بۆکانەوە ئاگاداریان کردینەوە لە رۆژانی رابردوودا شەپۆلێکی بەرین لە دەستبەسەرکرانی شارۆمەندان لەو شارە لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەستی پێ کردەووە.
بەپێی ئەم راپۆرتە رۆژی پێنجشەممە ٧ی رێبەندانی ١٤٠٠ – (٢٧ی ژانوییەی ٢٠٢٢)، سێ شارۆمەندی دیکەی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی "هیوا مەجیدی"، "لوقمان بیناس" تەمەن ٤٥ ساڵ و "هێمن حەسەننژاد" لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی حکومەت لە بۆکان و ورمێ دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەم راپۆرتە، رۆژی پێنجشەممە ٧ی رێبەندان، "لوقمان بیناس" تەمەن ٤٥ ساڵ بانگ کراوەتە ئیتلاعات و دواتر هەر لەوێ دەستبەسەر کراوە. هەروەها "هێمن حەسەننژاد"یش بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەستبەسەر کراوە.
شایانی باسە، سەرەڕای بەدواداچوونی زۆری بنەماڵەکانیان بەڵام تا ئێستا هۆکار و شوێنی بەندکرانی ئەو شارۆمەندە بەندکراوانە بۆ بنەماڵەکانیان ڕوون نییە. بەڵامی بەپێی سەرچاوەیەکی نزیکی هانا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ بە هانای راگەیاند ئەم شارۆمەندانە بۆ گرتووخانەی ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەت لە ورمێ راگوێزراون.
هەروەها پێشتریش هانا رایگەیاندبوو رۆژی پێنجشەممە ٧ی رێبەندانی ١٤٠٠ – (٢٧ی ژانوییەی ٢٠٢٢)، شارۆمەندێک لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە بە ناوی "حسێن قوڕەیشی" تەمەن ٥٠ ساڵ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.