بۆکان: دوو شارۆمەندی کورد لە بەندیخانەی مهاباد چارەنووسیان نادیارە 

رۆژی یەکشەممە ٥ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٢٥ی ئاوریلی ٢٠٢١) دوو شارۆمەندی کوردی خەڵکی ناوچەی بۆکان بە مەبەستی دادگایی لە لایەن دادگای شۆڕشی مهابادەوە بانگ کرابوون بەڵام کۆبوونەوەی دادگایی کردنی ئەم دوو شارۆمەندە بەڕێوەنەچوو. 

ناسنامەی ئەم دوو شارۆمەندە کوردە "جەماڵ یوسفی" خەڵکی ئاوایی "موشیراوا" و "حسێن ئیبڕاهیم هەمزە" کوڕی عەبدوڵڵا خەڵکی ئاوایی "قەرەگۆل" لە ناوچەی بۆکان راگەیەندراوە. 
بە پێی ئەو راپۆرتانەی بۆ هانا هاتووە، ئەم دوو شارۆمەندە کوردە پارەکە لە بەندیخانەی بۆکان بۆ بەندیخانەی مهاباد گواسترابوونەوە. ئەم دوو شارۆمەندە کوردە سەرەتای مانگی بەفرانباری ١٣٩٧ بە مەبەستی لێپرسینەوە لە بەندیخانەی بۆکانەوە رەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوون و دوایە گوێستوویاننەوە بۆ بەندیخانەی مهاباد. 
جێی ئاماژەیە ئەم دوو شارۆمەندە کوردە ساڵی ١٣٩٥ بە تۆمەتی ئەندامەتی و هاوکاری حزبێکی کوردی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون و لەو ماوەیەدا لە مافی بوونی وەکیل و پارێزەر بێبەش بوون. 
ئازادی دەربڕینی بیروباوەڕ یا ئەندامەتی و لایەنگری لە حزب و رێکخراوی سیاسی و مەدەنی لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە لە کۆمەڵگای ئازاد و دێموکڕاتدا و هەروەها جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ئەم مافە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا وەک مافێکی سروشتی و بێ ئەملاولا چاولێدەکا و لە بەندەکانی خۆیدا گونجاندوویەتی. شایانی باسە وڵاتی ئێرانیش یەکێک لەو وڵاتانەیە واژۆی کردووە و هەرچەندە لەم جاڕنامەیەدا رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە ئەرکی سەر شانی حکومەتی وڵاتەکانی دادەنێ رێز لە بەندەکانی ئەم جاڕنامەیە بگرن و بۆ ڕەچاو کردنی ئەم بەندانە بە بەرپرسیان دەزانێ، بەڵام حکومەتی ئێران بایەخی پێ نادا و هەموو رۆژێ و بەردەوام بە پانایی وڵاتی ئێران مافی شارۆمەندانی ئەم وڵاتە و خەڵکی کوردستان پێشێل دەکا. 
هەروەها مافی بەهرەمەند بوونی تۆمەت لێدراو و دەسبەسەرکراوان بۆ هەبوونی پارێزەر و وەکیل، لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و هەر زیندانی و دەسبەسەرکراوێکە. لەم راپۆرتەدا دەبینین ناوەندە ئەمنی و قەزاییەکان و ئیتلاعات و دەزگای دادی ئیران نزیکەی پێنج ساڵە ئەم مافەیان لەم دوو شارۆمەندە کوردە زەوت کردووە و نەیانهێشتووە دەستیان بە پارێزەر رابگا. 

 

RELATED ARTICLES

Most Popular