هانا: رۆژی سێشەممە ١١ی جۆزەردان – (١ی ژوئەنی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کوردی خەڵکی بۆکان بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانی لەدەستدا.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "ناسر کەریمی" تەمەن ٢٧ ساڵ خەڵکی بۆکان راگەیەندراوە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی گەیشتوون ئەم شارۆمەندە کوردە دوای ئەوەی لە "ئیدارەی ئاگاهی" کەوتووەتە بەر ئەشکەنجە و ئازاری زۆرەوە، رایدەگوێزن بۆ بەندیخانە. ناوبراو بەهۆی ئەوەی دۆخی تەندروستی زۆر خراپ بووە لەوێ داوای ئەوە دەکا رەوانەی بنکەی تەندروستی بکەن و چاوی بە پزیشک بکەوێ بەڵام مەئموورانی زیندانی گوێی نادەنێ و تەنیا دەرمانی ئازاربڕی دەدەنێ و بەجێی دەهێڵن.
شایانی باسە بەرپرسانی بەندیخانەی بۆکان بە هاوبەندەکانی "ناسر کەریمی"یان راگەیاندبوو ناوبراو بە هۆی وەستانی دڵەوە گیانی لەدەستداوە بەڵام بەندییەکان فریانەکەوتنی پزیشکی و رانەگواستنی بۆ بنکەی تەندروستی بە هۆکاری مەرگی ئەم شارۆمەندە بەندکراوە دەزانن.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بە بەندی ٥ جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بکرێ کە حکومەتی ئیسلامی ئێرانیش واژۆی کردووە.
بەندی ٥- هیچ کەس نابێ ئەشکەنجە بدرێ یان بکەوێتە بەر کردەوە و رەفتار و سزای زۆردارانە و دژی ئینسانی و سووکایەتی پێ بکرێ.
هەروەها پێویستە ئاماژە بەمە بکەین حکومەت بەرپرسە لە بەرامبەر ئەمنییەت و ئاسایش و تەندروستی شارۆمەندان. بەتایبەت بۆ کەسێکی دەستبەسەر کە هیچ پەنایەک شک نابا و دەستی بە هیچ کوێ راناگا تا فریای بکەون. لە وڵاتانی ئازاد و پێشکەوتوو، حکومەت و بەڕێوەبەرانی یاسا پارێزەری مافەکانی خەڵکن کەچی لە ئێران بەپێچەوانەیە و رێک بە پێی یاسا و بە دەستی بەڕێوەبەرانی یاسا مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێ.