هانا: لە رۆژەکانی رابردوودا “سۆران شەریفی” شارۆمەندی کوردی خەڵکی بۆکان دوای نزیکەی مانگێک دەستبەسەری لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.
ناوبراو رۆژی ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٠ بەرامبەر بە (٢٤ی مەی ٢٠٢١)، لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی بۆکانەوە بە بێ بە بڕیاری دادوەر و بەڵگەی یاسایی دەستبەسەر کراوە و دەستیان بە سەر کەلوپەلەکانی وەک کامپیوتێر و موبایلەکەیدا گرتووە.
بەندەکانی ٣، ٩ و ١٢ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە ماف و ئازادییە دێموکراتیەکەکانی تاک لە کۆمەڵگاکاندا بەم جۆرەی خوارەوە دیاری دەکا و رەچاو کردن و بەرێوەبردنیان بە ئەرکی دەسەڵاتداری وڵاتەکان دەزانێ. شایانی باسە حکومەتی ئیسلامی ئیرانیش واژۆی کردووە.
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٢- بەزاندن و خۆتێهەڵقوتاندنی سەرەڕۆیانە لە هەرێمی ژیانی تایبەتی، بنەماڵە، نامە و پێوەندییەکان، ماڵ و شوێنی ژیانی هەر مرۆڤێکدا قەدەغە و مەحکوومە. هەر بەم پێیە کەڕامەت و شەڕافەت و ئابڕووی هیچ کەس نابێ بکەوێتە بەر دەستدرێژی و سووکایەتی. لە بەرامبەر ئەم جۆرە خۆتێهەڵقتاندن و هێرشانەدا هەر مرۆڤێک مافی خۆیەتی لەلایەن یاسا و ناوەندە قەزاییەکانەوە پشتیوانی لێ بکرێ.