هاوکارانی هانا لە سەقزەوە ئاگاداریان کردین، سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە ٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠ – (٣٠ی ژوئەنی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد خەڵکی سەقز بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی سەر سنووری “بڕوێشکانی” لە ناوچەی بانە بریندار کرا.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "دڵشاد ئەمینزادە" کوڕی "ئامین و غەریب" خەڵکی ئاوایی "دەرە زیارەتی سەروو" تەمەن ٢٩ ساڵ و دانیشتووی سەقز راگەیەندراوە.
ناوبراو بە بێ دەنگدان و ئاگادار کردنەوەی پێشوەخت و بە بێ ئەوەی هیچ بارێکی پێ بووبێت کەوتووەتە بەر هێرشی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران.
کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە راستیدا کار نییە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنوور لەبەر نەبوونی کار بە مەبەستی پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری. نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە.