هانا: رۆژی سێشەممە ٧ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٢٧ی ئاوریلی ٢٠٢١)، کۆڵبەرێکی کورد لە بەرزاییەکانی سەر سنووری سەردەشت بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی سەر سنووری حکومەتی ئیسلامی ئێران بریندار بوو.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "سامان رەسووڵزادە" راگەیەندراوە.
بە پێی ئەم راپۆرتە، هێزەکانی حکومەت لە هەنگی سەر سنووری سەردەشت تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا "سامان رەسووڵزادە" پێکراوە و بریندار بووە.
ناوبراو بۆ چارەسەرکردنی برینەکانی رەوانەی ناوەندە دەرمانی و تەندروستییەکانی سەردەشت کراوە.
کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە راستیدا کار نییە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنوور لەبەر نەبوونی کار بە مەبەستی پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری. نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە.
