بەپێی راپۆرتێک کە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاتووە، لە رۆژانی رابردوودا ٤ کۆڵبەر لە بەرزاییەکانی نەوسوود بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بریندار بوون.
بەپێی ئەم راپۆرتە، رۆژی سێشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ١٤٠١ – (٥ی ئاپریلی ٢٠٢٢)، سێ کۆڵبەر لە شاخ و بەرزاییەکانی سنووری "نەوسوود" بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران بریندار بوون و "ئاکۆ خودا مرادی" خەڵکی سەلاسی باوەجانی، ناوی یەکێک لەو کۆڵبەرانەیە لەم راپۆرتەدا هاتووە. ناوی ئەم دوو کۆڵبەرەی تر هێشتا بۆ هانا روون نییە.
هەروەها بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە ١٧ی خاکەلێوەی ١٤٠١ – (٦ی ئاپریلی ٢٠٢٢)، کۆڵبەرێکی تر بە ناوی "دیار ئەمینی" خەڵکی ئاوایی "هانەگەرمەڵە" لە ناوچەی پاوە، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بە توندی بریندار بووە.
ئەو کۆڵبەرانە دوای بریندار بوونیان بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی ناوەندە پزیشکی و دەرمانییەکان کراون و باری تەندروستیان خراپ راگەیەندراوە.
