بریندار بوونی پێنج کۆڵبەر لە سنووری مەریوان 

هانا: رۆژی یەکشەممە ٥ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٢٥ی ئاوریلی ٢٠٢١)، لە سنووری مەریوان  ٥ کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی سەر سنووری حکومەتی ئیسلامی ئێران بریندار بوون. 

ناسنامەی ئەم ٥ شارۆمەندە کوردە کە خەڵکی ئاوایی "میراوا"ی ناوچەی مەریوانن بەم جۆرەی خوارەوەیە: 

1-    زانیار حاتەمپەنا 
2-    کاروان مەنوچێهری 
3-    سەلاح وەتەندووست 
4-    ئارام وەتەندووست 
5-    سۆران وەتەندووست 

بە پێی ئەو راپۆرتانەی بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاتووە، هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە هەنگی سەر سنووری مەریوان لە سنووری "قۆڵقوڵە" دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە و ئەم ٥ شارۆمەندە کوردە بە توندی بریندار بوون. 
بە پێی زانیارییەکان ئەم ٥ کۆڵبەرە بریندارە بۆ چارەسەری برینەکانیان رەوانەی نەخۆشخانەی "بووعەلی" مەریوان کراون. 

کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان لەبەر بێکاری و هەژاری روویان کردووەتە ئەم کارە. دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتی وڵات ئەرکی سەر شانی حکومەتی هەر وڵات و کۆمەڵگایەکە بەڵام لە کوردستان بە هۆی هەڵاواردن و سیاسەتی جیاوازی دانانی بەئەنقەست و بەردەوامی حکومەت لە باری ئابوورییەوە بۆ سەر خەڵکی کورد بووەتە مایەی پەرەسەندنی بێکاری، نەداری و هەژاری لەم کۆمەڵگایەدا. 
نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە. 

RELATED ARTICLES

Most Popular