هانا: رۆژی پێنجشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ – (١٥ی ئاوریلی ٢٠٢١)، بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە سەر سنوورەکانی بانە و شنۆ، ٢ کۆڵبەر بریندار بوون.
تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت بەرەو کۆمەڵێک لە کۆڵبەران ٢ کۆڵبەری بریندار کرد.
بە پێی ئەم راپۆرتە ناسنامەی ئەم کۆڵبەرانە "زاهیر خدرزادە" خەڵکی بانە و "فەرهاد خۆش مەرام" خەڵکی شنۆ راگەیەندراوە.
زاهیر خدرزادە لە سنوورەکانی بانە بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران لە کۆڵبەران لاقی بە توندی بریندار بووە و بۆ چارەسەری برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی بانە کراوە.
هەروەها فەرهاد خۆش مەرام لە سنوورەکانی شنۆ لە ئاکامی تەقەی راستەخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت لە کۆڵبەران پێکراوە و بریندار بووە.
کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و ئاکامی گوشارە ئابوورییەکان و نەداری و هەژاری خەڵکی کوردستانە.
نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە وڵاتی ئێرانیش بە هۆی واژۆ کردنی ناچارە بە رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە.