هانا: بە پێی ئەو هەواڵانەی بڵاوبوونەوە، ٢ کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی “کوردستانی ئێران و کوردستانی عێراق” بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بە توندی بریندار بوون.
بە پێی ئەو زانیارانەی گەیشتوونە دەستمان، یەکێک لەو کۆڵبەرانە لە سنووری "بانە" بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی ئێران بریندار بووە و ناسنامەی ئەو شارۆمەندە کوردە "ئیسماعیل رەحیمی" راگەیەندراوە.
ناوبراو دوای بریندار بوونی بۆ چارەسەر کردنی برینەکانی رەوانەی ناوەندەکانی تەندروستی و فریاکەوتن لە "پێنجوێن"ی هەرێمی کوردستانی عێراق کراوە.
هەروەها رۆژی هەینی ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ – (٩ی ئاوریلی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی دیکە بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە سنوورەکانی "شنۆ" پێکراوە و بە توندی بریندار بووە.
ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە کوردە "حەکیم عوسمانی" تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شنۆ راگەیەندراوە و بۆ چارەسەری برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەیەکی هەرێمی کوردستانی عێراق لە هەولێر کراوە.
کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و ئاکامی گوشارە ئابوورییەکان و نەداری و هەژاری خەڵکی کوردستانە.
نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە وڵاتی ئێرانیش بە هۆی واژۆ کردنی ناچارە بە رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە.