بریندار بوونی دوو کۆڵبەر لە سەر سنووری نەوسوود
بە پێی راپۆرتێک کە بە تۆڕی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران گەیشتووە، رۆژی دووشەممە ٦ی رێبەندانی ۱۳۹۹ دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی ئەمیر وەیسـی تەمەن ۳٠ ساڵ خەڵکی ئاوایی جوجاڕ سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی و سالم رۆستەمی خەڵکی ئاوایی پشتکووڕ، لە سەر سنووری نەوسوود بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رژیمی ئیسلامی ئێران بریندار بوون. بە پێی ئەو راپۆرتە برینی ئەمیر وەیسی قورسە و رەوانەی نەخۆشخانەی پاوە کراوە.
هێزەکانی رژیمی ئیسلامی لە سەر سنوورەکان بەردەوام تەقە لە کۆڵبەران دەکەن و تەنیا لە سێ حەوتووی سەرەتای مانگی ژانوییەدا ۲٤ کۆڵبەر بریندار بوون و ۲ کەسیش کووژراون. شایانی باسە بە هۆی بێکاری و هەژاری بەشێکی زۆر لە لاوان و باقی توێژەکانی خەڵک لە کوردستان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان روویان کردووەتە کاری مەترسیداری کۆڵبەری