بریندار بوونی دوو کۆڵبەری کورد لەلایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیە و ئێران 

هانا: رۆژی یەکشەممە  ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (٦ی ژوئەنی ٢٠٢١)، دوو کۆڵبەری تر لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران و تورکیەوە هێرشیان کرایە سەر و لە ئاکامدا هەرکیان بریندار بوون. 

بەپێی ئەم راپۆرتە، کۆڵبەرێکی کوردی تەمەن ١٨ ساڵان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی تورکیە بە توندی بریندار بووە و دوای بریندار بوونی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانە کراوە. 
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە تازەلاوە "یوسف فەرجامی" خەڵکی گوندی "دەیم قشلاق" لە ناوچەی ماکۆ راگەیەندراوە. 

لە راپۆرتێکی دیکەدا راگەیەندراوە کۆڵبەرێکی دیکە خەڵکی بانە بە ناوی "سەرکەوت میرزایی" کەوتووەتە بەر ئەشکەنجە و ئازاری هێزە چەکدارەکانی سەر سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە و بە هۆی ئەوەی بە سەرنێزە لێیانداوە، دەستیان بە توندی بریندار کردووە. 

کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان لەبەر بێکاری و هەژاری روویان کردووەتە ئەم کارە. دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتی وڵات ئەرکی سەر شانی حکومەتی هەر وڵات و کۆمەڵگایەکە بەڵام لە کوردستان بە هۆی هەڵاواردن و سیاسەتی جیاوازی دانانی بە ئەنقەست و بەردەوامی حکومەت لە باری ئابوورییەوە بۆ سەر خەڵکی کورد، بووەتە مایەی پەرەسەندنی بێکاری، نەداری و هەژاری لەم کۆمەڵگایەدا. 
نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن یا گرتن و ئەشکەنجە کردنیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular