بانە: گوشار بۆ وەرگرتنی ئێعتراف لە شارۆمەندێکی کورد بە زەبری ئەشکەنجە 

بە پێی راپۆرتێک کە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاتووە، ساڵێک لەوەپێش ٧ی گوڵانی ١٣٩٩ بەرامبەر بە ٢٦ی ئاوریلی ٢٠٢٠، شارۆمەندێکی کوردی خەڵکی بانە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی بانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حزبێکی کوردی نەیاری حکومەتی ئیسلامی، قۆڵبەست و بۆ ماوەی ٧ مانگ لە گرتووخانەی ئەمنییەتی سنە دەسبەسەر و ئازار و ئەشکەنجە دراوە. ئێستاش پێنج مانگە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازراوەتەوە. 

ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "یوسف ئەحمەدی" ٣١ ساڵ و خەڵکی بانە راگەیەندراوە. 
بە پێی ئەم راپۆرتە، هێزە ئەمنییەکان ساڵێک لەوەپێش تەقەیان لە ناوبراو کردووە و بە برینداری قۆڵبەستیان کردبوو. ئێستاش ساڵێکە بە بێ ئەوەی چارەنووسی ئاشکرا بێ لە گرتووخانەی ئەمنییەتی و بەندیخانەی ناوەندیی سنە دەسبەسەر کراوە. 
یوسف ئەحمەدی کاتێک دەستبەسەر کرابوو لاقی بە توندی بریندار بووە و لە ماوەی ئەم یەک ساڵەدا بۆ چارەسەری برینەکەی رەوانەی ناوەندە دەرمانی و تەندروستییەکان نەکراوە. 

دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لە لایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.  

RELATED ARTICLES

Most Popular