هانا: بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە ١٣ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠ – (٤ی نوامبری ٢٠٢١)، دوو کۆڵبەر لە بەرزاییەکانی سنووری ئێران و عێڕاق لە ناوچەی بانە، کەوتنە بەر تەقە و ئەشکەنجەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران.
بەپێی ئەم راپۆرتە لە سنووری "سارداو" کۆڵبەرێک بە ناوی "محەممەد خودایی" تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی بانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران پێکراوە و گیانی لەدەستداوە.
هەر لە رۆژی پێنجشەممەدا کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "بەهرام رەزایی" خەڵکی سنە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتەوە کەوتە بەر توندترین ئەشکەنجە و ئازار.
نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە لە کۆمەڵدا بووەتە مایەی بێکاری و هەژاری لە رادەبەدەری شارۆمەندان. لە کوردستان و بەتایبەت لە سنوورەکان خەڵک ناچارن بۆ بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکەیان پەنا بەرنە بەر کۆڵبەری، بەڵام لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێرانەوە تەقەیان لێ دەکرێ، بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە ئێرانیش واژۆی کردووە، ئەم کردەوانە پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە.
