هانا: لە رۆژانی رابردوودا دوو کۆڵبەر لە بەرزاییەکانی ناوچەی بانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران کوژراون و بریندار بوون.
بەپێی ئەم راپۆرتە، رۆژی هەینی ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠١ – (٢٥ی مارسی ٢٠٢٢)، کۆڵبەرێکی خەڵکی شنۆ بە ناوی "رۆستەم خزری" تەمەن ٢٥ ساڵ و خاوەن خێزان لە بەرزاییەکانی سنووری "هەنگەژاڵ" لە ناوچەی بانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران کوژراوە.
ئەم کۆڵبەرە بە بێ دەنگدان و ئاگادارکردنەوە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتەوە دەسڕێژی لێ کراوە و دوای گیانلەدەستدان بۆ نەخۆشخانەیەکی سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق گوازراوەتەوە.
هەرەوەها لە راپۆرتێکی تردا لەلایەن هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی "هانا"وە راگەیاندراوە، رۆژی سێشەممە ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠١- ٢٣ی مارسی ٢٠٢٢، کۆڵبەرێک بە ناوی "مەولان خزری" تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی بۆکان لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی ناوچەی بانە لە ئاکامی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بە توندی بریندار بووە.
