هانا: چارەنووسی شەش چالاکی کرێکاری و مەدەنی خەڵکی بانە پاش ١٠ رۆژ بەندکران هێشتاش هەر نادیارە. ئەو شارۆمەندانە رۆژی سێشەممە ٦ی گوڵانی ١٤٠١ – (٢٦ی ئاپریلی ٢٠٢٢) لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە لە بانە دەستبەسەر و دواتریش رەوانەی ئیتلاعاتی سپا لە سنە کرابوون.
ناوی ئەم شارۆمەندانە بریتییە لە:
١. فوئاد فاڕووقی چالاکی مەدەنی و پێشتر بەندکراوی سیاسی
٢. پەروین عەبدوڵڵاپەنا چالاکی مەدەنی و بواری ژنان (هاوسەری حەسەن عیزەتی)
٣. رەحمان (عومەر) سولەیمانی تەمەن ٥٨ ساڵ و چالاکی کرێکاری و پێشتر بەندکراوی سیاسی
٤. سەعید محەممەدی تەمەن ٤١ ساڵ و چالاکی کرێکاری و پێشتر بەندکراوی سیاسی
٥. ئەفشین رەشیدی چالاکی مەدەنی
٦. فاتح مەجیدی تەمەن ٦٤ ساڵ مامۆستای خوێندگاکان بووە و پێشتر لەلایەن حکومەتەوە لە سەر کارەکەی دەرکراوە و ٨ ساڵیش لە بەندیخانەی "رەجایی شەهری کەرەج" بەندکرابوو.
بەپێی ئەم راپۆرتە ئەم شارۆمەندانە سەرەڕای ئەوەی ١٠ رۆژە دەستبەسەرکراون لە مافی پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵە بێبەش کراون، چارەنووسیشیان نادیارە و ئەمەش بووەتە مایەی دڵبەدوایی و نیگەران بوونی بنەماڵەکانیان.
لە درێژەی ئەم راپۆرتەدا هاتووە، فاتح مەجیدی نەخۆشی دڵی هەیە و بەندیخانە و ئەم دۆخەی تێیدایە تووشی گرفتی تەندروستی دەکا.
وێڕای ئەم ٦ شارۆمەندە "حەسەن عیزەتی" چالاکی کرێکاری و ئەندامی لێژنەی بەرێوەبەری یەکێتی کرێکارانی بیناسازی بانە و هەروەها "نیشتمان رەحمەتی" دەستبەسەر کرابوون بەڵام "حەسەن عیزەتی" پاش شەورۆژێک ئازاد کرا و "نیشتمان رەحمەتی"ش دوای چەند کاتژمێر و کۆتایی هاتنی لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.
ماڵپەڕەکانی سەر بە سپای پاسداران رایانگەیاندووە ئەم شارۆمەندانە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە کۆمەڵە و هەروەها بڵاوکردنەوەی راپۆرتی ناڕەزایەتییەکان، قەتڵ و خۆکوژی، کۆکردنەوەی زانیاری لە سەر گیروگرفتە کۆمەڵایەتییەکان بە مەبەستی ئاژاوەگێڕی و سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی ئایینی ئیسلام دەستبەسەرکراون.
بەپێی بەندەکانی ١٩ و ٢٠ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری لە سەر کێشەر و گرفتەکانی کۆمەڵگا و هەروەها پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە، بەڵام حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەباتی پێڕاگەیشتن بە گیروگرفتە کۆمەڵایەتییەکان و چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگا کە بوونە هۆی پەرەگرتنی هەژاری، بێکاری و گەلێک گرفتی کۆمەڵایەتی تر، ئەو شارۆمەندانەی وا بەم بارودۆخە ناڕازین و تەنیا داوای چارەسەری دەکەن، دەستبەسەر دەکا و لە بەندیخانەکان ئازار و ئەشکەنجەیان دەدا و تۆمەتی ئەندامەتی لە حزب و رێکخراوە سیاسییەکانیان دەداتە پاڵ و پاشانیش لە دادگاکانیدا سزای درێژماوەیان بۆ دەبڕێتەوە.
