بانە: پەروەندەسازی هێزە ئەمنییەکان دژی چالاکێکی سیاسی 

هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، رۆژی دووشەممە ٢٣ی جۆزەردان-(١٣ی ژوئەنی ٢٠٢٢)، “دوکتور محەممەد قەدەمی” چالاکی سیاسی و بەربژێری خولەکانی ١٢ و ١٣ی سەرۆک کۆماریی لە ئێران، بە تۆمەتی “بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە” لەلایەن دادگای گشتی پارێزگای سنەوە داوا کراوە. 

لە بڕیارێکدا کە لەلایەن دادیاری دادگای "ئینقلاب"ی پارێزگای سنە و بە ناوی "ئەلیاس نەوروزپوور خوداشەهری" لە دژی "دوکتور محەممەد قەدەمی" دەرکراوە، پێنج رۆژ مۆڵەت دراوە بە ناوبراو تاکوو لە سەر تۆمەتەکەی روونکردنەوە بدات دەنا دادگا بڕیاری داوا کردنی رادەگەیەنێ. 

دوکتور محەممەد قەدەمی لەم بارەوە بە رێخکراوی مافی مرۆڤی هانای راگەیاند: " من بە هیچ جۆرێک ناچمە ژێر باری تۆمەتێک لە دژم بە ناوی "بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە". بەڵکوو تەواوی چالاکییەکانم لە راستای دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتی و مرۆڤایەتییەکانە و هەمووشی لە رێگەی یاساییەوە بووە. من تا ئێستا زیاتر لە بیست جار تۆمەتگەلی "بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە، هاندانی رای گشتی، سووکایەتی بە رێبەر و…" دراوەتە پاڵم و داوا کراوم و لێپرسینەوەم لەگەڵ کراوە. بەڵام هەرگیز نەچوومە ژێر باری ئەم تۆمەتانەوە و لە داهاتووشدا هەر وا دەکەم مەگەر ئەوەی لە دادگایەکی عادڵ و دادپەروەردا تۆمەتەکان لە دژم بسەلمێندرێ". هەروەها ناوبراو ئەوەشی راگەیاند: هەر ئێستا بە هۆی پەوروەندەسازی هەر لەم چەشنە بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەن ئازاد کراوم. 

شایانی باسە، دوکتور محەممەد قەدەمی لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران لە خولی سێزدەیەم پاش راگەیاندنی بەربژێری خۆی و سەردانی وەزارەتی ناوخۆ، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەکانەوە بێ ڕێزی پێ کرابوو و لە بینای وەزارەتی ناوخۆ و لقی ناونووسین و تۆماری بەربژێرەکان بۆ سەرۆک کۆماری دەرکرابووە دەرێ. 
دوکتور محەممەد قەدەمی پاش ئەم رووداوە رایگەیاندبوو، هۆکاری بێ رێزی پێ کردن و دەرکردنی لە وەزاڕەتی ناوخۆ و پێشگرتنی بۆ بەربژێری و کاندید کردنی، تەنیا ئەوەیە کوردە و سوننەیە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular