بانە: ٤ شارۆمەندی کوردی ئەندامی بنەماڵەیەک دەسبەسەر کران 

هانا: بە پێی هەواڵێک لە بانەوە، لە درێژەی دەسبەسەرکردنی شارۆمەندانی کورد لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتەوە لە شار و ناوچەکانی کوردستان بە تایبەت دوای رێوڕەسمەکانی نەورۆز، رۆژی پێنجشەممەی ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ – (٢٥ی مارسی ٢٠٢١)، چوار شارۆمەندی کوردی ئەندامی بنەماڵەیەک دەسبەسەر کران. 

بە پێی ئەم هەواڵە، ناسنامەی ئەو ٤ شارۆمەندە بەم جۆرەیە: "رێبوار قادری" تەمەن ٣٤ ساڵ، "بێهرووز قادری" ٣٠ ساڵ، "هاوژین قادری" و "پەرویز قادری". ئەو چوار شارۆمەندە کوردە خەڵکی ئاوایی "یاقوباوا"ی ناوچەی بانەن و بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون. 
شایانی باسە لە رۆژانی رابردوودا و لە دوای رێوڕەسمەکانی نەورۆز ژمارەیەک شارۆمەندی کورد و چالاکی مەدەنی تەنیا بە هۆی بەشداری کردنیان لە رێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی حکومەتەوە بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی گیروان.

ئەوە لە حاڵێکدایە  بەڕیوەچوونی رێوڕەسمە مێژوویەکان و جێژن و بۆنە میللییەکان و دەربڕینی شادی و خۆشی و هەڵپەڕکێ بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ، لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤە. 

 

RELATED ARTICLES

Most Popular