هانا: رۆژی پێنجشەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٠ – (٨ی ژولای ٢٠٢١)، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە بانە تازەلاوێکی تەمەن ١٧ ساڵیان دەستبەسەر کرد.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "فەرشید مەجیدی نژاد" تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی سنە راگەیەندراوە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی بۆ هانا هاتوون، هێزە ئەمنییەکانی حکومەت ناوبرایان بە تۆمەتی ئەندامەتی لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئیران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستۆتەوە.
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووس و شوێنی دەستبەسەر کرانی ئەم تازەلاوە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لەبەردەستدا نییە.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بە دوو خاڵی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵان بکرێ:
خاڵی ٦- مافی دەربڕینی ئازادانەی بیروباوەڕ.
خاڵی ٧- مافی ئازادی بیروبۆچوون، بەشداری لە ئەنجومەنەکان، مافی پەروەردە.
گرتن و دەسبەسەر کردنی مێرمنداڵان و تازەلاوانی تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بە تۆمەت و تاوانی سیاسی و جیاوازی بیروبۆچوون، پێشێل کردنی خاڵەکانی ٦ و ٧ی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵان و هەروەها پێشێل کردنی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤە کە وڵاتی ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی واژۆی کردووە.
هەروەها هەر لە پێوەند لەگەڵ ماف و ئازادییە دێموکراتیکەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵگادا، بەندەکانی ٣، ٩ و ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بەم جۆرەی خوارەوە دەڵێ:
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
