هانا: بە پێی ئەو هەواڵانەی گەیشتوون، لە درێژەی دەسبەسەرکردنی لاوانی کوردستان و چالاکانی مەدەنی، رۆژی پێنجشەممە ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ – (٢٥ی مارسی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی دیکەی کورد لە ئاوایی “یاقوباوا”ی ناوچەی بانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران دەسبەسەرکراوە.
هەر بە پێی ئەم هەواڵە، ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "جەلیل خودایی" تەمەن ٢٤ ساڵ خەڵکی ئاوایی "یاقوباوا"ی ناوچەی بانە راگەیەندراوە. ناوبراو بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە لە رۆژانی رابردوودا رامانگەیاندبوو، رۆژی پێنجشەممە ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ – (٢٥ی مارسی ٢٠٢١)، چوار شارۆمەندی کوردی ئەندامی بنەماڵەیەک بە ناوەکانی "رێبوار قادری" تەمەن ٣٤ ساڵ، "بێهرووز قادری" ٣٠ ساڵ، "هاوژین قادری" ٣٠ ساڵ و "پەرویز قادری" ٢٦ ساڵ، هەر لە ئاوایی "یاقوباوا"ی ناوچەی بانە و بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، سەرەڕای سەردانی بنەماڵەی ئەو شارۆمەندانە بۆ ناوەندە جۆراوجۆرە ئەمنییەکان، بەڵام هیچ زانیارییەکیان لە شوێن و هۆکاری دەسبەسەرکردنیان پێ رانەگەیاندوون و چارەنووسیان نادیارە.
شایانی باسە لە رۆژانی رابردوودا و لە دوای رێوڕەسمەکانی نەورۆز ژمارەیەک شارۆمەندی کورد و چالاکی مەدەنی تەنیا بە هۆی بەشداری کردنیان لە رێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی حکومەتی ئێرانەوە بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی گیروان.
ئەوە لە حاڵێکدایە بەڕیوەچوونی رێوڕەسمە مێژوویەکان و جێژن و بۆنە میللییەکان و دەربڕینی شادی و خۆشی و هەڵپەڕکێ بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ، لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤە.