هانا: ئەمڕۆ شەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠١-(٢٨ی مەی ٢٠٢٢)، هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە نزیک ئاوایی “کێلە” لە ناوچەی بانە تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک گیانی لەدەستدا و کۆڵبەرێکیش بریندار بووە.
بەپێی ئەم راپۆرتە لە ئاکامی ئەم کردەوەیەی هێزە چەکدارەکانی حکومەت "ئاکۆ رەسووڵی" تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "قۆخەمامۆ"ی بانە گیانی لەدەستداوە و کۆڵبەرێکی تر بە ناوی "ئارام محەممەدی" خەڵکی بانە بە خەستی بریندار بووە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، "ئارام محەممەدی" بۆ نەخۆشخانەی بانە گوازراوەتەوە و ئێستا لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە و هەروەها دۆخی تەندروستی ناجێگیر راگەیەندراوە.
هاوکارانی هانا لەم راپۆرتەدا ئاماژەیان بەوە کردووە "ئاکۆ رەسووڵی" بە هۆی بێکاری و لە بەر نەبوونی و بە ناچار پەنای بردووەتە بەر کۆڵبەری.
