هاوکارانی هانا لە راپۆرتێکدا ئاگاداریان کردین، چالاکێکی سیاسی بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە “ئەسەداوا”ی پارێزگای هەمەدان و لە پاسگای ئاوایی “پول شکستە” گیانی بەخت کردووە.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "یاسر عەلەوی" تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "پول شکستە" لە ناوچەی "ئەسەداوا"ی پارێزگای هەمەدان راگەیەندراوە. سەرچاوەکانی ئاگادار لەم بارەوە رایانگەیاند یاسر عەلەوی رەخنەگری سیاسەتەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیران و پارێزەری سیاسەتەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بووە.
ناوبراو پێشووتریش لەبەر چالاکییەکانی لە ژێر چاوەدێری هێزە ئەمنییەکان و ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بووە. یاسر عەلەوی لە کاتێکدا کە ویستوویە چاوی بە بنەماڵەکەی خۆی بکەوێ، کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی رۆژی هەینی ١٩ی خرمانانی ١٤٠٠ – (١٠ی سپتەمبری ٢٠٢١)، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و پاسگای ئاوایی "پول شکستە" تەقەی لێ کراوە و لە ئاکامدا ٣ گولـلەی بەرکەوتووە و گیانی بەخت کردووە.
لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بە بەندەکانی ٣، ١٩، ٢٠ و ٢٢ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بکەین کە حکومەتی ئیسلامی ئێرانیش واژۆی کردووە بەڵام هەموو رۆژێ مافی شارۆمەندانی کورد لە شار و گوندەکانی کوردستان لەلایەن هێزە چەکدار و ئەمنییەکان و دامودەزگای قەزایی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە پێشێل دەکرێ.
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ.
بەندی ٢٢- هەر کەسێک وەک ئەندامێکی کۆمەڵگا مافی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتی هەیە و بۆی هەیە لە رێگای هاوکارییە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکانەوە، ئەو مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییانەی بۆ پاراستنی ئابڕوو و کەڕامەت و گەشە کردنی ئازادیی کەسایەتی خۆی پێویستنی، بە سەرنجدان و لەبەرچاوگرتنی رێکخراوە و سەرچاوەکانی وڵات وەدەستیان بێنێ.
