هانا: رۆژی شەممە ١١ی پووشپەڕی ١٤٠١ پیاوێکی خەڵکی دەڕەشاری سەر بە پارێزگای ئیلام، بە چەکەوە پەلاماری ماڵی خەزووری داوە و پاش کوشتنی هاوسەر و خۆشکی هاوسەرەکەی، خەسووشی بریندار کردووە و پاشان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
سەرچاوەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا رایانگەیاند، "موحەدسە مەلەکیان" تەمەن ٣٠ ساڵ هاوسەری بکوژ بووە و "کیمیا مەلەکیان" تەمەن ١٦ ساڵ و خۆشکی "موحەدسە"یە و هەرکیان بە دەستی ئەو پیاوە کوژراون.
جێگای خۆیەتی لیرەدا ئاماژە بەمە بکەین ژنانی ئێران بەپێی یاساکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە گەلێک مافی ئینسانی بێبەشن و یاسا بە شێوەی یەکسان و بەرابەر پشتگیری لە ژنان ناکا. سیستەمێکی پیاومەزنانە بە سەر کۆمەڵگای ئێراندا زاڵە و جگە لە دواکەتوویی فەرهەنگی و کولتووری گەلێک بەندی یاسایی هەن کە پاڵنەر و هاندەرن لە کۆمەڵگادا بۆ ئەوەی پیاوان لەگەڵ هاوسەر، کچ یان بە گشتی لەگەڵ ژنان بە ئارەزووی خۆیان هەڵسووکەوت بکەن و دەستیان بۆ کاری توندوتیژی ئاواڵە دەکا. هەروەوها هیچ بەرنامەیەک بۆ پەروەردەیەکی ئینسانی و پێشکەوتوو بۆ کۆمەڵگا و نەوەکانی داهاتوو لە ئارادا نییە و ئەم کولتوور و پەروەردە سەقەتەی کۆمەڵ بۆ دژایەتی ژنان بە بەردەوامی و پشتاوپشت دەپارێزرێ و پەرەدەستێنێ.
ئێمە رۆژ نییە لە زمانی دەسەڵاتدار و ئاخوندەکانەوە پڕوپاگەندەی دژ بە ژنان نەبیستین، رۆژ نییە لە شەقامی شارەکانی ئێران لەلایەن هێزەکانی ئینتزامی، بەسیج و "لیباس شەخسی" ژنان نەدرێنە بەر ئەشکەنجە و ئازار و سووکایەتی. رۆژ نییە لە دامودەزگای راگەیاندنی حکومەتی ئێرانەوە مێشکی خەڵک بە تەبلیغات دژی ژنان نەئاخنن. ئەمانە و گەلێک بەندی یاسایی پاڵنەر و سەرچاوەی سەرەکی ئەم توندوتیژییانەن کە رۆژانە دژی ژنان لە کۆمەڵگای ئێران بەڕێوەدەچێ.
ئەمە لە حاڵێکدایە بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە حکومەتی ئێرانیش واژۆی کردووە، هەموو ئینسانێک چ ژن و چ پیاو مافی بەرابەر و یەکسانیان لە هەموو بوارەکانی ژیان و کۆمەڵگادا هەیە. هەروەها ئەمنییەت و ئاسایشی شارۆمەندان دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەت و دەسەڵات و بەڕێوەبەرانی وڵات.