هانا: رۆژی دووشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (٧ی ژوئەنی ٢٠٢١)، ژنێکی کورد خەڵکی “دەڕە شار” لە پارێزگای ئیلام لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "حومێڕا بازگیر خوڕەماوایی" خەڵکی دەڕە شار لە پارێزگای ئیلام و سەپەرستی دەفتەری ژمارە یەکی بەڵگەنامە فەرمییەکانی شارستانی دەڕە شاری ئیلام راگەیەندراوە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی بە هانا گیشتوون، ئەم شارۆمەندە کوردە بە هۆی کێشەی بنەماڵەوە لەلایەن مێردەکەیەوە لە گەڕەکی "مەسکەنی مێهری" دەڕە شار بە چەک کورژراوە.
شایانی باسە پیاوێک لە خزمانی "حومێڕا بازگیر خوڕەماوایی" لەم رووداوەدا بە توندی بریندار بووە و دوای رەوانە کردنی بۆ ناوەندە پزیشکی و دەرمانییەکان گیان لەدەستداوە. ناسنامە ئەم پیاوە تا ئامادە کردنی ئەم هەواڵە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە.
جێگای خۆیەتی لیرەدا ئاماژە بەم راستیەی بکەین ژنانی ئێران بە پێی یاساکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە گەلێک مافی ئینسانی بێبەشن و یاسا بە شێوەی یەکسان و بەرابەر پشتگیری لە ژنان ناکا. سیستەمێکی تەواو پیاوسالار بە سەر کۆمەڵگای ئێراندا زاڵە و جگە لە دواکەتوویی فەرهەنگی و کولتووری گەلێک بەندی یاسایی هەن کە پاڵنەر و هاندەرن لە کۆمەڵگادا بۆ ئەوەی پیاوان لەگەڵ هاوسەر، کچ یان بە گشتی لەگەڵ ژنان بە ئارەزووی خۆیان هەڵسووکەوت بکەن. ئەمە لە حاڵێکدایە بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ کە حکومەتی ئێرانیش واژۆی کردووە، هەموو ئینسانێک چ ژن و چ پیاو مافی بەرابەر و یەکسانیان لە هەموو بوارەکانی بەڕێوەبەردنی کۆمەڵگادا هەیە.