هانا: بەرەبەیانی رۆژی هەینی ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠١ – (١ی ژولای ١٤٠١) هێزە ئینتزامییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە یەکێک لە شەقامەکانی ئیلام دەسڕێژیان لە ماشێنێکی پڕاید کرد و لە ئاکامدا شارۆمەندێک بە ناوی “حەبیب ئاژ” تەمەن ٣٧ ساڵ، خێزاندار و باوکی ٣ منداڵ گیانی لەدەستدا و شارۆمەندێکی دیکە بە ناوی “وەحید عەتایی” بە خەستی بریندار بووە.
بەپێی راپۆرتی هاوکارانی هانا، "حەبیب ئاژ" گوللـەیەک بەر سەری کەوتووە و لە ئاکامدا هەر لەوێ گیانی لەدەستداوە و "وەحید عەتایی"ش بە خەستی بریندارە و لە نەخۆشخانە لە بەشی چاوەدێری ورد کەوتووە و بە هۆی ئەوەی پشتی پێکراوە مەترسی پچڕانی مرۆخەی بڕبڕەی پشتی هەیە.
لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، مەئموورانی حکومەت پاش تەقە کردن و وەستانی ماشێنەکە لەباتی یارمەتی بریندار و پێوەندی لەگەڵ ئامبوڵانس و بەشی فریاکەوتن، بەپەلە ماشێنەکەیان پشکنیوە و بە بێ ئەوەی هیچ شتومەک و کاڵایەکی قەدەغە و قاچاخ بدۆزنەوە، ئەو دوو شارۆمەندەیان هەر وا بەجێهێشتووە و لە شوێنی رووداوەکە دوورکەوتوونەوە و هەڵاتوون.