ئیلام: دەستبەسەر کردنی رۆژنامەنووسێکی تر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە 

بەپێی ئەو راپۆرتانەی لە ئیلامەوە لەلایەن هاوکارانی “هانا”وە پێمان گەیشتوون، رۆژی سێشەممە ٢٨ی گوڵانی ١٤٠٠ – (١٨ی مەی ٢٠٢١)، “نەجەف مەهدی پوور” رۆژنامەوانی خەڵکی “دەڕە شار” لە پارێزگای ئیلام، لەلاین ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. 

"نەجەف مەهدی پوور" لە بابەتێکدا رەخنەی لە "ئیبراهیم رەئیسی" سەرۆکی دەزگای داد و قەزایی ئێران و بەربژێری سەرۆک کۆمار گرتبوو و هەر بەو هۆکارە ناوبراو دەستبەسەر کراوە. 
جێگای ئامژەیە ناوبراو رێکەوتی ١١ی جۆزەردانی ١٣٩٨یش بە تۆمەتی چالاکی دژی حکومەتی ئێران بۆ ماوەی ساڵێک لە گرتووخانە بەند کرابوو. 
شایانی باسە هەر ئەو رۆژە واتە سێشەممە ٢٨ی گوڵانی ١٤٠٠ – (١٨ی مەی ٢٠٢١)، رۆژنامەوانێکی تر بە ناوی "ئەمین محەممەدی" لە ئیلام لەلایە ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و پێشتر رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا راپۆرتەکەی بڵاوکردبۆوە. جێگای ئاماژەیە "ئەمین محەممەدی"ش هەر بە هۆی ئەوەی رەخنەی لە یەکێک لە ناوەندە دەوڵەتییەکان گرتبوو گیراوە. 

ئازادی دەربڕینی بیروباوەڕ لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە لە کۆمەڵگای ئازاد و دێموکڕاتدا و هەروەها جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ئەم مافە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا وەک مافێکی سروشتی و بێ ئەملاولا چاولێدەکا و لە بەندەکانی خۆیدا گونجاندوویەتی. شایانی باسە وڵاتی ئێرانیش یەکێک لەو وڵاتانەیە واژۆی کردووە و هەرچەندە لەم جاڕنامەیەدا رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە ئەرکی سەر شانی حکومەتی وڵاتەکانی دادەنێ رێز لە بەندەکانی ئەم جاڕنامەیە بگرن و بۆ ڕەچاو کردنی ئەم بەندانە بە بەرپرسیان دەزانێ، بەڵام حکومەتی ئێران بایەخی پێ نادا و هەموو رۆژێ و بەردەوام بە پانایی وڵاتی ئێران مافی شارۆمەندانی ئەم وڵاتە و خەڵکی کوردستان پێشێل دەکا. 
بەندی ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە ماف و ئازادییەکانی تاک لە کۆمەڵگادا بەم جۆرە دەڵێ: 

بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular