ئیلام: بریندار بوونی کچێکی ١٣ ساڵان بە هۆی رووداوی کار 

هانا: رۆژی شەممە ٢٥ی گوڵانی ١٤٠٠ – (١٥ی مەی ٢٠٢١)، کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ خەڵکی “دەڕەشار” لە ناوچەی ئیلام لە کاتی کار کردن لە نانەواخانەدا بە هۆی رووداوی کارەوە بریندار بوو. 

ئەم کچە مێرمنداڵە، مل و مرۆخەی بە توندی سەدەمەی دیوە و بە هۆی نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی لە "دەڕەشار"، رەوانەی ئیلام کراوە. 
بەرزبوونەوەی ئاماری روو لە گەشەی کاری منداڵان لە ئێران زەنگێکی مەترسیدارە بۆ کۆمەڵگا. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەت لە سەر هێزی کار، کە زۆریش وێدەچێ ئاماری راستەقینە نەبن و ژمارەکە لەوە زیاتر بێ، نزیکەی ١٧ میلیۆن منداڵ و تازەلاوی تەمەن ٦ تا ١٩ ساڵ لە ئێران خەریکی کارن. 
بە گشتی خاوەنکاران بۆیە کرێکارانی منداڵکار دادەمەزرێنن چونکە مناڵان ئامادەن لە چاو گەورەکان، لە دۆخی دژوارتردا و بە ئەمنییەتی نالەبارتری شوێنی کار و بە هەقدەستی کەمترەوە کار بکەن. هەڵبەت جگە لە ئەوانە و جگە لە دوورکەوتنەوەی منداڵان لە خوێندن و پەروەردە و جیهانی مناڵی،  لە راستیدا کاری منداڵان هەلی کارە بۆ گەورەکان بەڵام ئەوان پێوەی خەریکن کە ئەمەش رێژەی ئاماری بێکاری لە ناو گەورەساڵاندا دەباتە سەر. 
لە ئێران کاری منداڵانی ژێر ١٥ ساڵ تەمەن بەپێی ماددەی ٧٩ی یاسای کار جورم و تاوانە و قەدەغەیە. 
بەڵام بەپێی هەر ئەم یاسای کارە، تازەلاوانی نێوان ١٥ تا ١٨ ساڵ تەمەن بە لەبەرچاوگرتنی رێوشوێنی ماددەکانی ٨٠ تا ٨٤ دەتوانن کاریان بدەنێ. جگە لەوانە بەگوێرەی ماددەی ١٨٨ی یاسای کار، کار کردن بە کوڕان و کچان لە کارگاکانی ناوماڵ لەلایەن باب و دایەکەوە تەنانەت بۆ مێرمنداڵانی تەمەن ژێر ١٥ ساڵیش قەدەغە نەکراوە و تەنیا ئەگەر خاوەنکارەکە کەسێکی بێگانە بێ قەدەغەیە.  بەپێی ماددەی ١٩١ ئەو کارگایانەی وا کەمتر لە ١٠ کەس کاریان تێدا دەکا، بەشێک لە یاساکانی کار نایانگرێتەوە و لێیان خۆش دەبن. هەر چەندە ئەمە بەم مانایە نییە کە خستنە بەر کاری مێرمنداڵانی ژێر ١٥ ساڵ تەمەن لەو جۆرە کارگایانەی ١٠ کەس کەمتر کاری تێدا دەکەن رێگە پێدراوە. 
هەروەها نەبوونی چاوەدێری بە سەر بەڕێوەبردن و بە کردەوە دەرهێنانی یاساکانی کار و نەبوونی ئەمنییەتی کار، کێشە و گرفتی تری کاری نایاسایی منداڵانە.  
 

RELATED ARTICLES

Most Popular