هانا: لە رۆژانی رابردوودا چەند وێنە و گرتەی ڤیدیۆ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆتەوە لە سەر ئازاردانی ئاژەڵەکانی ناوشار لەلایەن شارەوانی مەریوانەوە.
لەم وێنە راپۆرتانەی کە بڵاوبوونەوە، وا بەرچاو دەکەوی شارەوانی مەریوان ژمارەیەکی زۆر سەگی سەر شەقام و بێ خاوەن کە گۆیا نزیکە ٤٠٠ سەگ بوون لە شوێنێک کۆکردووەتەوە. بەڵام بە هۆی پێڕانەگەیشتن و نەدانی خۆراک پێیان، لەم ژمارەیە تەنیا ٤٠ سەگیان بە برینداری زیندوو ماونەوە و باقییەکەی تێداچوون.
ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەوە کاردانەوەی بەرینی بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی لێ کەوتووەتەوە و یەکێک لەو بەکارهێنەرانە بە ناوی "ئا.پ" لە دیواری تایبەت بە خۆی ئاوا دەگێڕێتەوە:
"ئەو سەگانەی شارەوانی مەریوان کۆی کردبوونەوە توانای دەربازبوونیان نەبوو و ژمارەیان لە ٤٠٠ سەگ زۆر زیاتر بوو بەڵام ئێستا تەنیا ٤٠ سەگی بریندار ماونەتەوە. پێتان وایە تووشی چ بەڵایەکیان کردن؟ بزانن باشە کە هەموویان لە برسان مردن و هەر کامەیان گیانی دەدا، خێرا ئەوانی دیکە دەڕژانە سەری و دەیانخوارد، تا ئەوەیکە کەم بوونەوە و ئێستا خەریکەن بە زیندوویی یەکتر دەخۆن."
لە کوێی دنیا ئاژەڵ و گیاندارانی بێ زمان وا لێدەکەن تا لە برسان بێچۆ و توڵە چکۆلەکانی خۆیان بە زیندوویی بخۆن؟
خۆم شاهید بووم کە لە پێشدا لە لاقەکانییەوە دەستی کرد بە خواردنی بێچۆکەی خۆی و تا گەیشتینێ تازە درەنگ بوو و تێداچوو."
هەروەها لە ژێرنووسی بەکارهێنەرێکی دیکەدا بە ناوی "م.خ" بەم جۆرە نووسراوە:
"مەگەر شارەوانی جگە لە جینایەت و دزی و ماڵ و زەوی خەڵک خواردن کارێکی دیکە دەزانێ؟ کەی ئەو رۆژەدا کە شارەوانی خۆی پشتیوان و پارێزەری ئاژەڵان بێ نەک بکوژی گیانداران."