هانا: رۆژی دووشەممە ١٩ی گوڵانی ١٤٠١ – (٩ی مەی ٢٠٢٢)، دوو چالاکی کرێکاری بە ناوەکانی “عوسمان ئیسماعیلی” خەڵکی سەقز و “مورتەزا سەیدی” خەڵکی کامێران و نیشتەجێی تاران بە دانانی بارمتە لە بەندیخانە ئازاد کراون.
شایانی باسە پێشتریش هانا لە راپۆرتەکانی خۆیدا رایگەیاندبوو، مورتەزا سەیدی رۆژی هەینی ٢٦ی خاکەلێوەی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەوە دوای پشکنینی ماڵەکەی لە تاران و دەسبەسەرداگرتنی بەشێک لە کەلوپەلەکانی دەستبەسەر کرابوو. بەپێی ئەم راپۆرتە، ناوبراو پاش ١٠ رۆژ لە بەندکرانی بۆ بەندیخانەی ئێڤین لە تاران گوازرابۆوە و دوای ٢٥ رۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەن تا کۆتایی پڕۆسەی لێکۆلێنەوە و وەختی دادگاییەکەی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئێڤین ئازاد کراوە.
هەروەها عوسمان ئیسماعیلی رۆژی ١٠ی گوڵانی ئەمساڵ بە تۆمەتی "تەبلیغ دژی نیزام" و "هاندانی ڕای گشتی" لە بەشی قەرەنتینەی بەندیخانەی ناوەندیی سەقز دەستبەسەر کرابوو. ئەمڕۆش بە دانانی بارمتەی ١٤٠ میلیۆن تمەن بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.
شایانی باسە ئەم شارۆمەندانە هەرکیان لە کاتی بەندکرانیاندا لە مافی پارێزەر بێبەش کرابوون.
