هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی هانا، «ئارش نووری» کۆڵبەری برینداری خەڵکی جوانڕۆ بە هۆی کاریی بوونی برینەکانی گیانی لەدەستداوە.
ئارش نووری بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠١ – (١٩ی ئاپریلی ٢٠٢٢) لە سەر سنووری نەوسوود لە کاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بریندار بوو. پاشان ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی پاوە گوازرابۆوە و دۆخی تەندروستی ناجێگیر راگەیەندرابوو. "ئارش نووری" خەڵکی ئاوایی "کڵاش" لە ناوچەی کڵاشی جوانڕۆیە. ناوبراو خێزاندار و باوکی منداڵێکە.
بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، "ئارش نووری" لە نەخۆشخانەی پاوە لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدابوو بەڵام بە هۆی کاریی بوونی برینەکانی گیانی لەدەستداوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پێشتر راپۆرتی بریندار بوونی ئارش نووری بڵاوکردبۆوە.
شایانی باسە بەپێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی "هانا" لە سەرەتای مانگی ئاپریلەوە واتە لە ماوەی ١٩ رۆژدا تا سێشەممە ٣٠ کۆڵبەری کورد کوژراون و بریندار بوون.
