سمیناری نێودەوڵەتی لەسەر سیاسەتی سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامی لەدژی گەلی کورد و خۆڕاگری ژنانی کورد.

 ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی گوڵانی ١٤٠٤، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بە ئامادەبوونی چالاکانی مافی مرۆڤ ، توێژەران و نوێنەرانی کۆمەڵگای مەدەنی لە زانکۆی تیشک لە هەولێری کوردستانی عێراق رێکخرا کە لایەنە جۆراوجۆرەکانی چەوساندنەوەی پێکهاتەیی دژ بە گەلی کورد و ڕۆڵی سەرەکی ژنانی کورد لە خەباتی مەدەنیدا تاوتوێ کرا .

ئەم سمینارە بە پشتبەستن بە بەڵگەی مەیدانی و ڕاپۆرتە بەڵگەدارەکان تیشکی خستە سەر ئەوەی کە سەرکوتی سیستماتیک لە ڕێگەی دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ، ئەشکەنجە، سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین، هەڵاواردن لە بەشەکانی کولتوری ، سیاسی و ئابووری و لەسێدارەدان بەشێکن لە سیاسەتی درێژخایەنی کۆماری ئیسلامی بۆ نەهێشتنی شوناسی کورد .

قەتڵی حکومەتی “ژینا ئەمینی” بە هۆکاری رەعایەت نەکردنی حیجابی زۆرەملێ وەک یەکێک لە نمونەکانی توندوتیژی پلان بۆ داڕێژراو لە دژی ژنان ، بە تایبەتیش ژنانی کورد ناسێندرا .

ئەم ڕووداوە ڕێگەی خۆشکرد بۆ ڕاپەڕینە کۆمەڵایەتییە بەربڵاوەکان و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”، کە تێیدا ژنانی کورد ڕۆڵی ڕێبەر و پێشەنگیان هەیە .

لە درێژەدا ئێعدامی چالاکانی سیاسی کورد ، لەوانەش رامین حوسێن پەناهی لە ساڵی ١٣٩٧ و چوار چالاکیتر لە ڕێبەندانی ١٤٠٢، وەفا ئازەربار ، پژمان فاتحی ، موحسێن مەزڵوم و محەمەد فەرامەرزی خرایە بەر باس و لێکۆڵینەوە . ئەم کەیسانە وەک نموونەی بەکارهێنانی لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ناڕەزایەتی هێنرانەوە .

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیی وێنەیەکی بەڵگەداری لە پێشێلکاری سیستماتیکی مافەکانی خەڵکی خستەڕوو . لە کۆتاییدا بەشدابووان داوای ڕاگرتنی بەپەلەی لە سێدارەدانەکان ، زۆرتر کردنی چاوەدێری نێودەوڵەتی و پشیوانی لە دامەزراوە سەربەخۆکان وەکوو رێکخراوی هانایان کرد .

RELATED ARTICLES

Most Popular