رۆیا حوسێن نژاد کچی زیندانی سیاسی کورد “حەمید حوسێن نژاد حەیدەرانلو” بە بڵاو کردنەوەی ڤیدیۆیەک داوای پشتیوانی لە باوکی دەکات

رۆیا حوسێن نژاد کچی زیندانی سیاسی کورد “حەمید حوسێن نژاد حەیدەرانلو” بە بڵاو کردنەوەی ڤیدیۆیەک بە ئاماژەدان بە ساڵێک ناڕونی بارودۆخ و نادیاری چارەنوسی باوکی ، داوای پشتیوانی سەرجەم خەڵکی ئێران ، رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و چالاکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە باوکی دەکات .

لە ڤیدیۆکەدا رۆیا حوسێن نژاد باس لەوە دەکات کە لە کاتی پێکدادانەکە لە ناوچەی ماکۆ و چاڵدران ئەو لەگەڵ بنەماڵەکەی لە تورکیا بووە و مۆری چوونە دەرەوە و چوونە ژوورەوەی گومرکی بازرگان لە پاساپۆرتەکانیان و هەروەها ئانتێنی سیمکارتی باوکی لەو رێکەوتە بوونیان لە تورکیا دەسەلمێنێت .

بەم حاڵەشەوە باوکی کە خوێنەواریشی نیە ماوەی ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژ لە گرتنگە ئەمنییەتیەکاندا ئەشکەنجە و ناچار بە دانپێدانانی زۆرە ملێ کراوە . دانپێدانانێک کە پارێزەرەکانیان  سەلماندوویانە ناڕاستن ، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی نایهەوێت ڕاستیەکان قەبوڵ بکات .  رۆیا حوسێن نژاد داوا لە دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان و خاتوو دوکتۆر مای ساتو دەکات ڕێگا نەدەن باوکی بێ تاوانی لە سێدارە بدرێت .

شایانی باسە سزای سێدارەی “حەمید حوسێن نژاد حەیدەرانلو” لە لقی ٩ی دادگای باڵای وڵات پشتڕاست کراوەتەوە و سزاکە ڕۆژی چوارشەممە ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، بەم بەندکراوە سیاسیە کوردە لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ڕاگەینراوە .

حەمید حسێن نژاد حەیدەرانلو بەندکراوی سیاسی تەمەن ٣٩ ساڵ ، خێزاندار ، باوکی سێ منداڵ و خەڵکی ئاوایی “سگریک”ی سەر بە شاری چاڵدرانە .

ناوبراو بۆ ماوەی ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعات ڕاگیرا و لە ژێر قورسترین ئەشکەنجەی جسمی و ڕۆحیدا بوو بە مەبەستی ئەوەی دانپێدانانی زۆرەملێی لێوەربگیرێت کە بەشداری کردووە لە پێکدادانێکی سەربازی لە نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان pkk و هێزەکانی پاسەوانی سنوور کە ببووە هۆی کوژرانی ٨ کەس لە هێزەکانی پاسەوانی سنوور .

ئەم بەندکراوە سیاسیە کوردە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ماوەی ٨ مانک بە توندترین شێوە لە لایەن لێکۆڵەرانی ئەمنییەتیەوە ئەشکەنجە کرا و تەنانەت لە لایەن کەسێک بە ناوەی ئەستیری کە لێکۆڵەری دۆسیەکەی بوو ئەشکەجە درابوو .ئەو لە ژێر ئەم ئەشکەنجە قورسانەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کرا و لە حاڵێکدا کە خوێنەواریشی نەبوو ناچار کرا ئەو نوسراوە و بەڵگەنامانە واژۆ بکات کە پێشتر لە لایەن لێکۆڵەرە ئەمنییەتیەکانەوە ئامادە کرابوون .

ناوبراو لە کۆتاییەکانی مانگی پوشپەڕی ساڵی ١٤٠٣، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێ بە سەرۆکایەتی قازی “نەجەفزادە” بە تۆمەتی “بەغی” لە رێگای ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان pkk ، سزای لە سێدارەدانی بە سەردا سەپێنرا.ئەم بەندکراوە سیاسیە لە ئێستادا لە بەندی پەزیرشی ٢ی بەندیخانەی ورمێ ڕاگیراوە .

ئەم بەندکراوە سیاسیە لە ماوەی دەستبەسەر بوونیدا تەنیا دوو جار توانیویەتی پەیوەندی تەلەفۆنی کورت ماوەی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبێت و لە مافی دەستپێراگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە .

RELATED ARTICLES

Most Popular