داوای ژینو بابامیری لە پەرلەمانی ئەوروپا: بۆ ڕاگرتنی سزای سێدارە هەوڵێکی بەپەلە بدەن

ژینو بابامیری ، کچی رزگار بەیگزادە بابامیری ڕۆژی ڕابردوو لە دانیشتنی پەرڵەمانی ئەوروپا بە گێڕانەوەی بە سەرهاتەکانی باوکی و چوار زیندانی سیاسی دیکە ، داوای لە نوێنەرانی ئەوروپا کرد بۆ ڕاگیرانی جێبەجێ کرانی سزای سێدارە هەوڵی جیددی و بەپەلە بدەن .

ئەو بە جەخت کردنەوە لەوەی کە باوکی تەنها بەهۆی هاوکاریکردنی خۆپیشاندەرانی بریندار لە سەردەمی بزووتنەوەی “ژن ، ژیان ، ئازادی”دا دەستبەسەر کراوە و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە ، وتی: “ئەم لەسێدارەدانانە بۆ بەڕێوبردنی دادپەروەری دەرناچن بەڵکو بۆ دروستکردنی کەشی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگادا دەردەکرێن”.

ژینو ڕوو لە نوێنەرانی ئەوروپا وتی ، بێدەنگی لە بەرامبەر ئەم حوکمانەدا بەشداریکردنە لە زوڵ و جینایەت لە دژی مرۆڤایەتی و زیادی کرد : تاوانی ئەم زیندانیانە نە کوشتنە و نە کاری چەکداری ، بەڵکوو تەنها چالاکی سیاسی و هەوڵی گەیاندنی هاوکاری بە خەڵک بووە .

پێنج زیندانی سیاسی کورد لە ئێستادا مەترسی جێبەجێ کرانی سزاکانیان لە سەرە کە ناسنامەکان و سزاکانی سەریان بریتین لە : عەلی قاسمی مەحکوم بە سێ جار لە سێدارەدان ، کاوە ساڵحی مەحکوم بە سێ جار لە سێدارەدان ، پژمان سوڵتانی مەحکوم بە سێ جار لە سێدارەدان ، رزگار بەیگزادە بابامیری مەحکوم بە دوو جار لە سێدارەدان و تەیفور سەلیمی مەحکوم بە یەکجار لە سێدارەدان .

بنەماڵەی ئەم زیندانیانە هۆشداری داوە کە جێبەجێ کرانی ئەم حوکمانە لە بێدەنگیدا ، سەرکوت و نادادپەروەری بەهێز دەکات و داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دامەزراوە مافی مرۆڤیەکان دەکەن بۆ ڕاگیرانی ئەم حوکمانە هەنگاوی ئەرێنی و بەپەلە هەڵگرن

RELATED ARTICLES

Most Popular