ئاگر کەوتنەوەی گوماناوی لە ناوچە کوێستانیەکانی سەلاس باوەجانی 

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەشتووە : ڕۆژی چوارشەممە ٤ی پوشپەڕی ١٤٠٤، چەندین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەی گوماناوی لە ناوچە کوێستانیەکانی شاری سەلاس باوەجانی لە پارێزگای کرماشان ڕوویداوە .

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ؛ یەکێ لەو ناوچانەی زیانی بەرکەوتووە کێوی بەمۆ لە سنووری کوردستانی ئێران و عێراقە ناوچەیەک کە بنکەکانی سوپای پاسدارانی تێدایە و بە هۆی کۆنتڕۆڵ و چاوەدێری توندی ئەمنییەتی هاتن و چوون تێیدا زۆر سنووردارە .

ئەو سنووردارکردنانەی کە هەن و مێژووی ڕووداوە هاوشێوەکان لە ناوچەکانی دیکەدا گومان و نیگەرانی لای دانیشتوانی ئەو ناوچانە دروستکردووە . بەشێک لە هاووڵاتیان هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری ئەم ئاگرکەوتنەوانە دەزانن. لە ڕابردووشدا ناوچە جۆربەجۆرەکانی کوردستان ئەو کەسانەی کە گومان دەکرێت هاوکاری دامودەزگا ئەمنییەکان و سەربازییەکان بن بە ئانقەست ئاگریان لە شوێنە ئاماژە پێدراوەکان بەرداوە .

لە هەمان کاتدا و لە هەمان ڕۆژدا ئاگرێکی بەرفراوان لە ناوچەکانی “دۆڵ دەڕە” و “ناوخاس”ی سەلاس باباجانی کەوتەوە و دەیان هێکتار لە ڕووپۆشی دارستانەکانی ناوچەی تۆعمە سووتا.

شایانی باسە لەم ساڵانەی دواییدا بە تایبەتی لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی هاوین ئاگری بەربڵاو و زۆرتر گوماناوی لە دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستان ڕوویداوە. سەرچاوە ئاگادارەکان چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە زۆرجار ئەنجامدەرانی ئەم ئاگرکەوتنەوانە نادیارە و پێدەچێت بە ئامانجی پاککردنەوەی ناوچە سنوورییەکان بۆ دامەزراندنی یان بەهێزکردنی بنکە سەربازییەکان ئەو کارە بکەن ئەمەش نیگەرانی بەربڵاوی چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە .

RELATED ARTICLES

Most Popular