هانا: لە کۆتایی هەر مانگێکدا ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، دەست دەکەن بە کۆکردنەوەی ئامارەکان بەپێی بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و راپۆرتێکی لێ ئامادە دەکەن. هەڵبەت بە هۆی نەبوونی ئازادی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کەشی زاڵی ئەمنییەتی لە کوردستان، ئەم ئامارانە هەموو بوارەکان و رووداوەکانی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە خۆ ناگرن بەڵام هاوکارانی ئێمە لە ناوخۆی کوردستانەوە ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان داوە بۆ ناردنی راپۆرتەکان و دواتر ناوەندی ئاماری هانا تۆماریان کردوون.
لەم بەشەدا ئەم ئامارەی کە بڵاودەکرێتەوە لە پێوەند لەگەڵ کوژرانی کۆڵبەران لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانە لە مانگی ئاگۆستدا. لە مانگی رابردوودا، ٢٧ کۆڵبەر لە کاتی کۆڵبەریدا گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون. هەروەها سەرجەمی ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەست داوە، پیاو بوون.
لە کۆی ئەم ٢٧کەسە، ٢٣ کەس بریندار بوون کە ١٣ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بریندار بوون و ٤ کەسیشیان گیانیان لەدەستداوە کە لەم چوار کەسەش، کەسێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزە چەکدارانە گیانی لەدەستداوە.
هێزە ئینتزامییەکان، سپای پاسداران و هێزەکانی سەرسنووری کۆماری ئیسلامی بەردەوام ڕۆژانە ئەم کۆڵبەرانە دەدەنە بەر دەستڕێژی خۆیان و دیانکوژن یاخود بریندار و کەم ئەندامیان دەکەن.
کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە راستیدا کار نییە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنوور لەبەر نەبوونی کار بە مەبەستی پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری. نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
١ی سیپتەمبری ٢٠٢١