گیانلەدەستدانی ١٠ کرێکار لە کاتی کار کردندا لە مانگی ژولای ٢٠٢١  

هانا: لە کۆتایی هەر مانگێکدا ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، دەست دەکەن بە کۆکردنەوە و راگەیاندنی ئامارەکان بەپێی بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و راپۆرتێکی لێ ئامادە دەکەن.

هەڵبەت بە هۆی نەبوونی ئازادی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کەشی زاڵی ئەمنییەتی لە کوردستان، ئەم ئامارانە هەموو بوارەکان و رووداوەکانی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە خۆ ناگرن بەڵام هاوکارانی ئێمە لە ناوخۆی کوردستانەوە ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان داوە بۆ ناردنی راپۆرتەکان و دواتر ناوەندی ئاماری هانا تۆماریان کردوون.   
لێرەدا ئارمارێک لەبەردەستتاندایە لە سەر گیانلەدەستدانی کرێکاران لە شوێنی کار و لە کاتی کار کردندا لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لە مانگی ژولای ٢٠٢١دا. 

لە مانگی ژولایدا ١٠ کرێکار بە هۆی رووداوی شوێنی کار لە کاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە بووە. هەروەها ئەو کرێکارانەی گیانیان لەدەستداوە هەموویان لە رەگەزی نێرینەن. 
لە باری جیاکردنەوەی ئەم شارۆمەندانە لە سەر ئاستی پارێزگاکاندا بەم جۆرەیە: 

پارێزگای سنە ٥ کەس 
پاریزگای کرماشان ٤ کەس 
پارێزگای ئیلام ١ کەس 

لە کۆی ئەم رووداوانەی کە بوونە هۆی گیانلەدەستدانی ئەم شارۆمەندانە، حاڵەتێکیان لە تاران هاتووەتە ئاراوە و یەکیش لە کوردستانی عێڕاق رووداوە. 

پێڕانەگەیشتن و گوێنەدانی بەرپرسان بە سەر شێوەی کار و دۆخی کرێکاران و ئەمنییەتی شوێنی کاردا، لەولاشەوە کەمتەرخەمی خاوەنکاران لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کارە و ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکار لە ساڵدا بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانیان لە دەست بدەن یا بریندار بن. هەر بۆیە وڵاتی ئێران لە باری ئەمنییەتی شوێنی کارەوە لە سەر ئاستی جیهان لە پلەی ١٠٢دایە و بووەتە وڵاتێکی زۆر نائەمن بۆ کرێکاران.   

 

RELATED ARTICLES

Most Popular