هانا: لە کۆتایی هەر مانگێکدا ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، دەست دەکەن بە کۆکردنەوەی ئامارەکان بەپێی بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و راپۆرتێکی لێ ئامادە دەکەن. هەڵبەت بە هۆی نەبوونی ئازادی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کەشی زاڵی ئەمنییەتی لە کوردستان، ئەم ئامارانە هەموو بوارەکان و رووداوەکانی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە خۆ ناگرن بەڵام هاوکارانی ئێمە لە ناوخۆی کوردستانەوە ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان داوە بۆ ناردنی راپۆرتەکان و دواتر ناوەندی ئاماری هانا تۆماریان کردوون.
لێرەدا ئەم ئامارەی پێشکەشتان دەکرێ لە پێوەند لەگەڵ حاڵەتەکانی کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەرانە لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی کوردستان بە درێژایی مانگی ژولای ٢٠٢١.
لەمانگی ژولایدا ١٩ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و بریندار بوون کە زۆربەیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئینتزامی، سپا و هێزەکانی سەر سنووری حکومەتی ئیسلامی ئێران روویداوە. هەڵبەت هەموو قوربانییەکان بە کوژراو و بریندارەوە لە باری رەگەزییەوە نێرینە بوون.
هەرەوها جیا کردنەوەی ئەم ١٩ شارۆمەندە بە پێی شوێنی ژیانیان لە پارێزگاکانی کوردستان بەم جۆرەیە:
• پارێزگای سنە ٨ کەس
• پارێزگای ورمێ ٨ کەس
• پارێزگای کرماشان ٣ کەس
لەم ژمارەیە ٤ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ١٥ کەسیش بریندار بوون.
کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە راستیدا کار نییە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنوور لەبەر نەبوونی کار بە مەبەستی پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری. نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە.